سلێمانی.. خانمان رۆژی ئاڵا دەقۆزنەوە بۆ نمایشکردنی تواناکانیان

964+

ئاودێر عومەر – سلێمانی

گروپی خەیاڵی خانمان، بەهاوکاری ڕێکخراوی گەشەپێدانی کلتوری لە ڕۆژی ئاڵادا، فیستیڤاڵێکی تایبەت بەخانمە دەست رەنگینەکان لەباخچەی کلتووری سەرا لە سلێمانی رێکخست.

نیگار محەمەد، یەکێکە لەوخانمانەی کە خانمی ماڵەوەیە بە 964+ وت؛ بەچەند کەرەستەیەکی فۆلکلۆری بەشداریم کردووە، وەک چای فرۆشتن بەسەماوەر لەهەمان کاتیشدا کارە دەستییەکانیشم نمایشکردووە، ماوەی دوو هەفتەیە خۆمان ئامادەکردووە بۆئەم فیستیڤاڵە.

کاشما ئەحمەد، خوێندکارێکی دەرچووی دانەمەزراوە دەڵێت؛ گروپی خەیاڵی خانمان زۆر هاوکاری خانمان دەکات بۆ دەرخستنی توانا و بەهرەکانیان، ئەو گەنجانەی دەرچووی پەیمانگا و زانکۆکانن کاریان نیە، دەتوانن خۆیان بەم کارانەوە سەرقاڵبکەن و سوودی دارایشی دەبێت بۆیان.

کازیوە ڕزگار، کە بە دروستکردنی شیرینی بەشداری کردبوو بەمجۆرە بۆ 964+ دواوەو دەڵێ؛ ئێمە سێ خوشکین سەرەتا لەماڵەوە دەستمان پێکرد، دواتر بەیەکەوە دوکانێکی شیرینی و چوکلێتمان دامەزراند، بە چەند شێوەیەک و بە دیزاینێکی جیاوازەوە شیرینی دروست دەکەین بەدڵ و حەزی مشتەریەکانمان، ئەمڕۆ لێرەش کارەکانمان نمایشکردوە”.

سروە ڕزگار، سەرپەرشتیاری گرووپی خەیڵی خانمان بە 964+ی وت؛ لەڕۆژی ئاڵای کوردستاندا، وەک گروپەکەمان “توانیمان ئیش و کارە دەستییە جۆراوجۆرەکانی خانمان پێشانی خەڵک بدەین، ژمارەی ئەوخانمانەش بەشداریان کردووە لە فێستیڤاڵەکەدا 40 خانم بوون.