قەزایەکی کوردستان بێ چێشتخانەیە

964+

توانا نەقی

قەزای سیدەکان دەیان ساڵە ناحیەیە و لە پارساڵیشەوە قەزایە، بەڵام تا ئێستا چێشتخانەیەکی تێدا نییە.

لە قەزاکەدا چەند دوکانێکی لەفە بوونی هەیە، بەڵام چێشتخانەی تیادا نییە و ئەگەر هەر گەشتیارێکیش روو بکاتە قەزاکە دەبێت خواردنی خۆی پێبێت.

عەبدولقادر ئەکرەم سەرۆکی شارەوانی سیدەکان بە 964ـی وت، دوکانی لەفە و کولێرە بەقیمەی لێیە، بەڵام هیچ چێشتخانەیەکیان نییە زۆربەی ئەو گەشتیارانە روودەکەنە ئەو ناوچەیە خواردنی خۆیان پێیە و خەڵکی ناوچەکەشیان میوان دۆستن و زۆر جار میواندارییان دەکەن.

وتیشی، لە ماوەکانی رابردوودا چێشتخانەیەک کرایەوە بەهۆی بێبازاڕییەوە دایخست، بەردەوام خەڵکیان هانداوە بۆ کردنەوەی چێشتخانە، ئێستا لەهەوڵدان لەرێگەی کەرتی تایبەتەوە چێشتخانەیەکی شایستە و فراوان بکەنەوە.

“شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری برادۆست گەشتیار رووی تێ ناکات یان زۆر بەکەمی بەهۆی باردۆخی خراپی ئەمنی و بۆردومانی بەردەوامی فرۆکەکانی تورکیا، چێشتخانەش دانرێت زۆر بێبازاڕ دەبن” سەرۆکی شارەوانی سیدەکان وای وت.

قەزای سیدەکان سەربە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، لە 6.11.2022 بە شێوەیەکی فەرمی کرا بە قەزا و ژمارەی دانیشتوانەکەی 20 هەزار کەسە، 265 گوندی لەسەرە و 148 گوندیش بەتەواوەتی بە هۆکاری ئەمنی چۆڵکراون.