پڕۆژەکانی حکومەت بەهای زەوی لە هەشتی حەسارۆک بەرز نەکردەوە

964+

توانا نەقی – هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بەهای وحەوت ملیارو ٤٩٩ ملیۆن دینار پڕۆژەی گەیاندووە بۆ زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک، بەڵام بەهای زەوی گران نەکردووە. نووسینگەیەکی خانوبەرە دەڵێ؛ خەڵک هێستا متمانەی نیە بۆیە زەوییەکان نرخیان هەڵنەکشاوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم بڵاویکردووەتەوە؛ ژمارەیەک پڕۆژە بۆ گەڕەکی هەشتی حەسارۆک لە کارکردندایە، کە پێکهاتوون لە دروستکردنی شەقامی ٦٠ مەتری و پرۆژەی ئاوەڕۆی سندوقی و چەند پڕۆژەیەکی دیکە کە گوژمەی هەموویان بەیەکەوە حەوت ملیارو ٤٩٩ ملیۆن و ٣٥٦ هەزار دینارە، پارەکەش لە فرۆشتنی زەوییە بازرگانییەکانی ئەوێ دابین کراوە.

عەبدولستار محەمەد، ئەندازیاری پڕۆژەکە بە ماڵپەری فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاندووە؛ “ئەم پڕۆژەیە لە دووبەشی سەرەکی پێکدێت، بەشی ئاوەڕۆ لەگەڵ دروستکردنی شەقام، بەشی ئاوەڕۆ تەواو بووە و بەشی شەقام تەنیا قیرتاوکردنی ماوە”.

لەبارەی گەیاندنی  خزمەتگوزاری کارەبا بۆ هەشتی حەسارۆک ئەندازیاری پڕۆژەکە رایگەیاندوە؛ بەڕیوەبەرایەتی کارەبا لە بەرنامەیدایە کارەبا بۆ سەرجەم شەقامەکان دابین بکات، وەک چۆن ئێستا بۆ شەقامی ٦٠ مەتری دابینکراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە نوسینگەکانی خانووبەرەوە دەست 964+ کەوتووە، سەرەڕای کارکردن لە بەشێک لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی گەرەکی هەشتی حەسارۆک، کاریگەریی زۆری نەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی زەوی لە گەڕەکەکەدا، بەهۆی نەبوونی متمانەی هاوڵاتییان بە تەواوکردنی پرۆژەکان لە کاتی خۆیدا.