بایی 13 ملیۆن دینارە

44 سەر ئاژەڵ لە شوانێکی کەرکوک دزراوە

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

لە گوندێکی سەر بە ناحیەی لەیلانی کەرکوک، 44 سەر ئاژەڵی هاوڵاتیەک دزراوە و بە وتەی خاوەنەکەی، نرخی هەموویان 13 ملیۆن دینارە.

دزییەکە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، 31.8.2023، لە گوندی یارمجەی سەر بە لەیلان کراوە.

تاریق عەبدولڕەحمان ناسراو بە ئەبو زیاد خاوەنی ئاژەڵەکان بە 964ـی وت، “کاتژمێر 3ـی بەرەبەیانی پێنجشەممە بوو، ئاو و ئاڵفم دا بە ئاژەڵەکانم و هاتمەوە خەوتمەوە، کاتێک کاتژمێر 6ـی بەرەبەیان هەستام بینیم دوو گیسک، شەش مەڕ و 36 بەرخی نێری دابەستەم نەماوە”.

ئەو دەڵێت، ئاژەڵەکانی خۆی دەناسێتەوە چونکە خەنەی داوە لە پشتیان و سەرجەمیان بایی 13 ملیۆن دینارن.

ئەو هاوڵاتیە سکاڵای لای پۆلیس تۆمارکردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرەداوێکی دەستنەکەوتووە.

گوندی یارمجە دەکەوێتە سەر رێگای نێوان کەرکوک و ناحیەی لەیلان، 10 کیلۆمەتر دوورە لە چەقی شارەوە.