رێگای شەقامیکی سەرەکی -سلێمانی .وێنە:964
دروستکردنی ئەندەرپاسێک گلەیی کاسبکارانی لێکەوتەوە
964+
دیلان محەمەد جەزا
رۆژی پێنجشەممە پڕۆژەی ئەندەرپاسی والی لەسەر شەقامی سەرەکی هەواری شار راگەیەندرا، بەڵام ئەم بابەتە ناڕەزایی ئەو کەسانەی لێکەوتەوە، کە لەسەر ئەو شەقامە بە ئۆتۆمبێلەکانیان پێداویستی دەفرۆشن.
سەلیم عەبدوڵا، فرۆشیارە بە 964ـی وت، دوێنێ پێنجشەممە شارەوانی سلێمانی ئاگاداریان کردوونەتەوە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا ئەو شوێنانە بەجێبهێڵن، لەبەر ئەوەی کاری تیادا دەکرێت.
نزیکەی 30 کەس دەبن کە لەسەر شەقامی سەرەکی هەواری شار پێداویستی هاوڵاتیان دەفرۆشن، جێگەی دیکەیان نییە تا پێداویستیەکانیانی لێ بفرۆشن، چونکە کاسبکارەکانی خوارەوەی شەقامەکە ناهێڵن لەوێ بووەستن.
لەسەر ئەم بابەتە زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە 964ـی وت، “سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێل و کەپرانەی لەسەر ئەو شەقامەن ئاگادارکراونەتەوە سەر ئەو شەقامە بەجێبهێڵن، بەهۆی کارکردن لە پڕۆژەی ئەندەرپاسی والیدا، لە 6.9.2023 دەست دەکرێت بەکارکردن تیایدا”.
ئەو دوکانانەی دەکەونە سەر ئەو شەقامە و زیادەڕۆییان کردووە، ئەوانیش ئاگادار کراونەتەوە دەبێت زیادەڕۆییەکانیان لابەرن، ئەمە بەوتەی زەردەشت رەفیق.
بڕیارە دوو ئەندەرپاس لەسەر شەقامی سەرەکی هەواری شار دروست بکرێن، هاوکات لەگەڵ فراوانکردنی شەقامەکە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی