بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان خەریکە سەری کچان و ژنانی ئاکرێ دەخوات
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
کانی زەرکێی ئاکرێ شوێنیکی گەشتیاری ناسراوی قەزاکەیە و بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی زەردووی ئاوەکەی بەکاردەهێنرێت، ئێستا هەموو چوارشەممەیەک تایبەت کراوە بە ژنان، بەڵام بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان خەریکە سەریان دەخوات.
هەندێک پەیجی ئاکرێ و دەوروبەری چەند وێنەیەکی ناڕوونی ژنان و کچانیان بڵاوکردووەتەوە، کە دەردەکەوێت خەریکی مەلەکردن و ئیسراحەتی خۆیانن، ئەوەش بووەتە هەڕەشە لەسەر قەدەغەکردنی شوێنەکە لێیان.
لەوبارەیەوە، ڤەهێل فەهمی وتەبێژی گەشتوگوزاری ئاکرێ بە 964ـی وت، “ئەم کێشەیە دووبارەیە و پێش چەند ساڵێک لەسەر هەمان بابەت بۆ ماوەی نزیکەی چوار مانگ شوێنەکە لە ژنان قەدەغەکرابوو”.
964 دەزانێت، ئەم بابەتە لەناو خەڵکدا دەنگیداوەتەوە و مەلا ئایینیەکانیش لەسەری بە قسە هاتوون، ژنان و کچان ترسیان هەیە شوێنەکەیان لەسەر دابخرێت.
ڤەهێل فەهمی باسی لەوەش کرد، سبەی دانیشتنێکی تایبەتیان دەبێت سەبارەت بەو بابەتە و چارەسەرێکی بۆ دەدۆزنەوە.
دەوترێت یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەیە، مۆبایل و کامێرا لە ژنان و کچان وەربگیرێن کاتێک لەو شوێنەدا کات بەسەر دەبەن.