رێگای کەرکوک بۆ سلێمانی پڕ بووە لە تاسەی بەرز

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

کاتێک لە کەرکوکەوە دەچیت بۆ سلێمانی لە رێگای چوون و گەڕانەوە، دەیان تاسە هەن، شۆفێران دەڵێن نایاسایین و هاتوچۆی ناوچەکەش دەڵێت، لەبەر نەبوونی پارە ناتوانین تاسەی پلاستیکی دروست بکەین.

رێگای کەرکوک بۆ سلێمانی 109 کیلۆمەترە، بە هەردوو ئاراستەی رۆیشتن و گەڕانەوە، لە دەروازەی بانی مەقان تاوەکو ناوچەی ئاوە تەقیوەکە، چەندین تاسەی لێ دروستکراوە بەبێ بوونی هیچ ئاماژەیەکی هاتوچۆ.

عەمید عومەر عەلی بەڕێوبەری گشتی هاتوچۆی  چەمچەماڵ بە 964ی وت، “ئەو تاسانە بە ئاگاداری شارەوانی، هاتوچۆ، لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی پاراستن و چاککردنی رێگەوبان و بەئاگاداری ئاسایش دروست کراوە”.

ئەو تاسانە وەک تاسەی نایاسایی دەردەکەون، بەڵام هاتوچۆی چەمچەماڵ دروستیکردوون، بەشێکیان لەبەر بەرزییەکەیان بوونەتە گرفت بۆ ئەو ئاستی نزمی ئۆتۆمبێڵەکان.

بەوتەی بەڕێوبەری گشتی هاتوچۆی چەمچەماڵ، هۆکاری دروستنەکردنی تاسەی پلاستیکی و دانەنانی هێماکانی هاتوچۆ، بەهۆی ئەوەیە، “پارەی پێویست لەبەردەست نییە، لەپێناو سەلامەتی هاوڵاتیان ئەو تاسانە دروستکراون، بەهۆی تیژرەوی شۆفێران ئەو رێگا سەرەکیە ساڵانە زۆرترین رووداوی هاتوچۆی لێ تۆماردەکرێت”.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی