بە تەلەفونێک 12 کارمەندی مەنەفێستی پەروێزخان لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە

964+

هونەر فارس – گەرمیان

لە کۆی 14 کارمەندی کۆمپانیای مەنەفێستی دەروازەی پەروێزخان، 12یان لە رێگای تەلەفۆنەوە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، بە قسەی خۆیان.

ئەمە رۆژی پێنجشەممە، 15ی کانونی یەکەمی 2022 روویداوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین دژی بڕیاری دەرکردنیان، بەشێک لە کارمەندانی کۆمپانیای مەنەفێستی دەروازەی سنوریی پەروێزخان لە دەروازەکە گردبوونەوە.

سامان عەلی یەکێک لە کارمەندانی مەنەفێستە و ماوەی 10 ساڵە لەو کۆمپانیایە کارمەندە، بە 964+ی وت، دوو رۆژ پێش ئێستا ئاگادارکراوەتەوە دەست لە کارکردن هەڵبگرێت، بە بێ ئەوەی هیچ نوسراوێکی فەرمی بەدەست گەیشتبێت.

ئەو کارمەندە ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە دوو رۆژی رابردوودا پێیان وتراوە، دەبێت واز لە کارەکانیان بهێنن و خەڵکی دیکە بهێندرێتە شوێنەکانیان.

بە قسەی ئەو، بەرپرسی کۆمپانیاکە هیچ نوسراوێکی فەرمی بەدەست نەگەیشتووە، تەنیا بە کارمەندەکانی وتووە، “لە سەرووی خۆمەوە تەلەفۆنم بۆ کراوە کە دەبێت ئێوە دووربخەمەوە”.

بۆ ئەم بابەتە، 964+ عەباس ئیسماعیل، بەرپرسی دەروازەی پەروێزخانی دواند، ئەو رەتیکردەوە ئەو بابەتە پەیوەندی بە ئەوانەوە هەبێت.

عەباس ئیسماعیل وتی، “کارمەندەکان لە لایەن کۆمپانیاکەوە دەرکراون و هیچ کۆمپانیایەکی دیکە نەهاتووە بەزۆر دەریان بکات، بۆیە ئەو بابەتە پەیوەندی بە کۆمپانیاکەوە هەیە و ئێمە تەنیا ئەوەنەمان لەسەرە داوایان لێبکەین ئەوکارمەندانە بهێڵدرێنەوە، لەوە زیاتر ناتوانین تەداخولی ئیش و کاری ناو کۆمپانیا بکەین”.

دەروازەی پەروێزخان دەکەوێتە ئیدارەی گەرمیان و بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانییە لە نێوان وڵاتی ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان.