ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی نزیکە
حکومەتی ئێران کامێرای چاودێری بۆ گۆڕی ژینا ئەمینی دادەنێت
964+
هێرۆ مەولودی
بەگوێرەی ئەو هەواڵەی چالاکوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویدەکەنەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، تیمێکی حکومی لە شاری سەقز لە نزیک گۆڕەکەی کامێرای چاودێری دادەنێن.
ماڵپەڕی هەنگاو تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، وێنەیەکی گۆڕستانی ئایچی لە شاری سەقز بڵاوکردووەتەوە کە گۆڕی ژینا ئەمینی لێیە، پشت بە لێداوانی شایەتحاڵەکان باسی لەوەکردووە، دانانی ئەو کامێرایانە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی.
ئەو ماڵپەڕە سەر بە رێکخراوی هەنگاوە بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کە لەلایەن چالاکوانانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنداری دەکرێت.
ئەو کەسانەی قسەیان بۆ ماڵپەڕەکە کردووە دەڵێن، بیانوی حکومەت بۆ دانانی کامێرای چاودێری لە نزیک گۆڕی ژینا ئەمینی بۆ “سیستمی پاراستنی شارە”.
ژینا ئەمینی کچێکی 22 ساڵەی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، لە ناوەڕاستی ئەیلوولی 2022 لەگەڵ خێزانەکەی سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانی کردبوو، لەوێ “پۆلیسی رەوشت” بە تۆمەتی نەپۆشینی جلوبەرگی گونجاو دەستگیریان کرد و دواتر گیانی لەدەستدا.
بنەماڵەکەی پۆلیسیان تۆمەتبار کرد بەوەی لە ژینایان داوە و بەهۆی ئەشکەنجەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی بەرفراوان لە سەرجەم ناوچەکانی ئێران و چەندین مانگ بەردەوام بوو.