لە هەولێر ماراسۆن و فێستیڤاڵی ژیندروستی بەڕێوەچوو

964+
مه‌ریه‌م ئه‌حمه‌د – هه‌ولێر

له‌ هەولێر ماراسۆنێك بەرێوە چوو، ژماره‌یه‌ك وه‌رزشوانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تیش به‌شدارییان كرد، چه‌ند خزمه‌تگوزارییه‌كی پزیشكیش پێشكه‌ش به‌ به‌شداربووان كرا.

ئەمڕۆ هەینی ١٦ كانوونی یه‌كه‌م، ماراسۆنه‌كه‌ به‌ به‌شداریی هه‌زار كەس به‌ڕێوه‌چوو، خاڵی ده‌ستپێكی له‌ رێگه‌ی هه‌ولێر – موسڵ بوو، كۆتاییه‌كه‌شی له‌ نزیك پاركی سامی عه‌بدولڕه‌حمان بوو.

له‌ ماراسۆنه‌كه‌دا، كه‌ به‌شێك بوو له‌ فێستیڤاڵی ژیندروستی، جگه‌ له‌ وه‌رزشوانان و هاوڵاتیانی ئاسایی، ٥٠ كەسی خاوه‌ن پێداویستی تایبەتیش به‌شداربوون.

لەیلان دڵسۆز، سەرپەرشتیاری ماراسۆن و فێستیڤاڵی ژیندروستی بە 964+ی وت: وه‌ك رێكخراوی گاید بۆ ساڵی دووەم ماراسۆنی ژیندروستیمان ئەنجام دا، كه‌ پێكدێت لە راكردنێكی بەكۆمەل، كە نزیكەی چوار كیلۆمەتر بوو، براوەكان خەڵات كران، دواتر فێستیڤاڵی ژیندروستی به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ تێیدا ٢٥ جۆری پشكنینی نه‌خۆشییه‌كان بێ بەرامبەر بۆ هاوڵاتیان ئه‌نجام درا”.

٢٥ جۆری پشكنینی نه‌خۆشییه‌كان بێ بەرامبەر بۆ هاوڵاتیان ئه‌نجام درا

له‌و خزمه‌ته‌ خۆڕاییه‌ی كه‌ پێشكه‌ش به‌ به‌شداربووانی فێستیڤاڵه‌كه‌ كرا، پشكنین بوو بۆ چه‌ندان نه‌خۆشی، له‌وانه‌ پشكنینی گشتیی خوێن، گورچیلە، شەكرە، جگەر و چەورییەكان، كه‌ ١٥٠٠ كەس لێی سوودمه‌ند بوون.

هه‌روه‌ها پشكنینی گشتیی چاو بۆ ١٢٠٠ كەس كرا، پشكنینی باری دەروونی، دابەشكردنی ٤٠٠-٥٠٠ ئامێر و كیتی پشكنینی شەكرە بێ بەرامبەر، دابینكردن و دابەشكردنی نزیكه‌ی ١٢٠٠ دانه‌ هەویر و فڵچەی ددان بۆ بەشداربووان.

لەیلان دڵسۆز وتی، “ئامانجی سەرەكیمان ئەوەیە وەرزش و پشكنینی پێشوەختە بكەینە كلتور له‌ كوردستان، وەرزش هەر ئەوە نەبێت كە تۆ قەڵەویت یان لاوازبیت و وه‌رزش بكه‌یت، به‌ڵكو وەرزش تایبەتە بە هەموو تەمەنێكەوه‌.

“بۆ ئەوەی نەخۆش نەكەویت و تەندروست بیت، پشكنینی پێشوەختە گرنگەبۆ ئەوەی نەخۆش نەكەویت و تەندروست بیت، پشكنینی پێشوەختە گرنگە

ماراسۆنه‌كه‌ به‌شێك بوو له‌ فێستیڤاڵی ژیندروستی

بۆ ئەوەی نەخۆش نەكەویت و تەندروست بیت، پشكنینی پێشوەختە گرنگە

رازیە سەلیم، بەشداربوی ماراسۆنەكە، بۆ 964+ وتی، “له‌ سۆرانه‌وه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ ماراسۆنه‌كه‌ هاتمه‌ هه‌ولێر، توانیشم پله‌ی دووه‌م به‌ده‌ست بهێنم”.

هه‌یام گەردی، سەرۆكی رێكخراوی هەناسەی نوێ بۆ خاوه‌ن پێداویسته‌ تایبه‌ته‌كان، بۆ 964+ وتی، “ئێمە بەشداریی ئه‌و ماراسۆنه‌مان كرد، بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان هه‌لی به‌شداریكردنیان بۆ بڕه‌خسێت، وه‌ك هەموو چین و توێژەكانی دیكه‌، چونكه‌ ئه‌وانیش پێویسته‌ هه‌ست بكه‌ن مرۆڤی كامڵن و هێز و توانایان هه‌یه‌.

له‌ كۆتایی ماراسۆنه‌كه‌دا، به‌ ئاماده‌بوونی پارێزگاری هه‌ولێر و قائیمقام و جه‌ماوه‌رێكی به‌رچاو، خه‌ڵات و دیاری پێشكه‌ش به‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان كرا.