ئەو شوێنەی بڕیارە پردەکەی لێ دروست بکرێت کە دەکەوێتە سەر ڕوباری سیروان . وێنە:964+
“تەنگەی سەید محەمەد” ئەو پردەی هەڵەبجە و گەرمیان بەیەک دەبەستێتەوە
964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
پردی “تەنگەی سەید محەمەد” لە پارێزگای هەڵەبجە کە دەکەوێتە سەر رووباری سیروان، هەریەکە لە ناوچەکانی هەڵەبجە و ناحیەی سیروان لەگەڵ ناحیەی بەمۆ و ناوچەی تاوگۆزی و ئیدارەی گەرمیان بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
کاوە شێخ عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە 964ی وت، پرۆژەی پردی تەنگەی سەید محەمەد کە درێژی پردەکە 320 مەتر دەبێت، دەبێتە هۆی نزیک بونەوەی پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان بەیەکەوە، هاوکات دەبێتە هۆی کارئاسانی بۆ هاوڵاتیانی ناوچەکە و جموجوڵی بازرگانی لە سنورەکە.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، ناحیەی بەمۆ سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە و هاوڵاتییانی ئەو ناحیەیە رێگایەکی دوور دەبڕن، تا دەگەنە هەڵەبجە، بەڵام بە دروستبوونی پردەکە رێگاکە کەمتر دەبێتەوە بۆ کەمتر لە نیوە.
پڕۆژەکە لەسەر بوردجەی وەبەرهێنانە و بڕی نۆ ملیار دینار و 800 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە و لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و پلاندانان پرۆژەکە درایە ئەنجومەنی وەزیران و دواتر رەزامەندی لەسەر درا، بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا قۆناغی تەندەرین بۆ پرۆژەکە دەستپێبکات.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی