پشیله‌یه‌ك دانیشتووانی شارۆچكه‌یه‌كی عێراق ده‌خاته‌ باری ئاماده‌باشییه‌وه‌

964+
قه‌زای خالیس – دیاله‌

ئه‌مڕۆ هەینی 16ی كانوونی یه‌كه‌م، خەڵکی گەڕەکی ئەلزەهرا لە قەزای خالیس لە باکووری پارێزگای دیالە کۆبوونه‌وه‌ بۆ گەڕان بەدوای پشیلەیەکی “شیرازی” کە لە ماڵی خاوەنەکەی هەڵهاتبوو.

گەنجێك به‌ ناوی حوسام ئەلعەزاوی و خەڵکی گەڕەکی ئەلزەهرایە، پۆستێکی لە گرووپی تۆڕی فەیسبووکی گەڕەکەکە بڵاوکردووەتەوە، تێیدا باس لە لەدەستدانی پشیله‌ی “برا بچووکەکەی” ده‌كات، كه‌ له‌ جۆری شیرازییه‌ و تایبه‌ته‌، داواشی كرد خه‌ڵك بۆ دۆزینه‌وه‌ی هاوکاری بکەن.

خەڵکی گەڕەکەکە كاردانه‌وه‌یان بۆ داواكارییه‌كه‌ی حوسام هه‌بوو، بۆیه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ لە کووچە و كۆڵانه‌كانی گەڕەکەکە و لەناو ماڵەکانیاندا بەدوای پشیله‌ شیرازییه‌كه‌دا گەڕان، بەڵام نەیاندۆزیوەتەوە.

خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی ئه‌لزه‌هرا هاوسۆزی و ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ کۆکردنەوەی بڕە پارەیەک بۆ قەرەبووکردنەوەی حوسام، بۆ ئه‌وه‌ی پشیلەیەکی دیكه‌ بۆ براكه‌ی بكڕێت.


به‌ڵام مەحمود ئەلدولێمی، دانیشتووی گەڕەکەکە، بە حوسامی راگەیاندووە، پشیلەکەی لە ماڵەکەی خۆی بینیوە و وێنەی گرتووە، بەڵام له‌گه‌ڵ سێ پشیلەی دیكه‌ هەڵهاتووە.

حوسام ئەلعەزاوی بە 964+ی راگەیاند، “کاردانه‌وه‌ی خەڵکی گەڕەکەکە دڵخۆشان کرد، داوای لێبوردنیشی کرد کە هاوکاری وەرنەگرتووە، بەو پێیەی توانای کڕینی پشیلەیەکی دیكه‌ی هەیە، بەڵام بەدوای ئەو پشیلەیەدا دەگەڕێت، کە هەڵاتووە، چونکە برا بچووكه‌كه‌ی زۆر هۆگری بووه‌.

ئاماژەی بەوەش کرد، زۆر هەوڵدەدات براكه‌ی ئارام بکاتەوە، هه‌روه‌ها دەبێت پشیلەیەکی دیکە بکڕێت لە بری پشیلە هەڵهاتووەکه‌.