لە هەولێر خولی فێرگەکانی فوتساڵی کچان بەڕێوەچوو
964+
هێژا خەسرەو ـ هەولێر
لە یارییەکانی رۆژی یەکەمی خولی فوتسالی کچان هەریەکە لە فێرگەکانی “ئافرەتانی دهۆک، تانیا، عەباس فەرەج و تلسکۆف” بردیانەوە، لە یارییەکدا ئەنجامێکی گەورە تۆمارکرا.
لە یەکەم یاریدا فێرگەی ئافرەتانی دهۆک بە ئەنجامی پێنج گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە فێرگەی هەڵەبجەی بردەوە، دواتر فێرگەی تانیا بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک شکستیان بە فێرگەی چەمچەماڵ هێنا.
لە یارییەکی دیکەدا فێرگەی عەباس فەرەج بە ئەنجامی شەش گۆڵ بەرامبەر بە سێ گۆڵ لە فێرگەی شارەزووریان بردەوە، لە دوایین یاریشدا ئەنجامێکی گەورە تۆمارکرا و فێرگەی تلسکۆف بە ئەنجامی هەشت گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە فێرگەی رواندزیان بردەوە.
لە یارییەکانی گەڕی دووەمیشدا هەریەکە لە ئافرەتانی دهۆک، هەڵەبجە، تلسکۆف و تانیا بردیانەوە.
عەباس فەرەجی راهێنەر سەبارەت بەم خولە بە 964ی وت، ئەم خولە توانای یاریزانان دەردەخات، راستە یاریزانەکان بچووکن، بەڵام زیرەک و لێهاتوون، ئەم خولەش سوودی زۆری دەبێت بۆ ئەم یاریزانانە و وایان لێدەکات سارد نەبنەوە لە یاریکرد بەردەوامبن.
ئەوەی جێگەی تێبینی بوو هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی هیچ فێرگەیەکیان نییە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی