دوو تۆمه‌تبار به‌ كوشتنى گه‌نجێكی هه‌ریر ده‌ستگیركران

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دره‌نگانى شه‌وى رابردوو، له‌ناو ناحیه‌ى حاجی ئۆمه‌ران، دوو تۆمه‌تبار ده‌ستگیركراون كه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر كه‌سێكیان له‌ هه‌ریر كوشتبوو و‌ ده‌یانویست هه‌رێمی كوردستان به‌جێبهێڵن.

مقه‌ده‌م فاخر سه‌عید جاسم، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی قه‌زاى چۆمان، ده‌ستگیركردنى ئه‌و دوو تۆمه‌تباره‌ى بۆ 964 پشتڕاستكرده‌وه‌ و وتیشی “ده‌ستگیركردنه‌كه‌یان دره‌نگانى شه‌وى رابردوو روویداوه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، لەسەر فەرمانی بەرێوبەری پۆلیسی سۆران و لەژێر چاودێری ئه‌وان بە هاوکاری هێزی چالاکیە مەدەنیەکانی چۆمان تواندرا دوو تۆمەتباری بکوژی گه‌نجه‌كه‌ى هەریر ده‌ستگیر بكه‌ن.

باسی له‌وه‌شكرد، به‌هۆى كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ئه‌و دوو تۆمه‌تباره‌ گه‌نجه‌كه‌ى هه‌ریریان كووشتبوو.

وتیشی “دواى ده‌ستگیركردنیان راده‌ستى پۆلیسی پارێزگاى هه‌ولێر كراونه‌ته‌وه‌”.

شه‌وى دووشه‌ممه‌ى رابردوو 22.8.2023 له‌ گوندێكی سه‌ر به‌ قه‌زاى هه‌ریر گه‌نجێك به‌ ده‌ستڕێژى گولـله‌وه‌ به‌سه‌ختى بریندار كرا، دواى گواستنه‌وه‌ى بۆ نه‌خۆشخانه‌ى شاری هه‌ولێر له‌رێگا گیانى له‌ده‌ستدا.

گه‌نجه‌كه‌ ناوى (س.هـ) ته‌مه‌ن 40 ساڵ دانیشتووى گوندى كانى چرگانه‌ بوو.