هێزکانی هاوپەیمانان لە هەولێر جوڵەیان پێکرا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە رێکخراوی داعش، لە هەولێر جێگۆڕکێیان بە دوو یەکەی هێزەکانیان کرد.

لە راگەیەندراوێکدا کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، “وەک بەشێک لە پلانی جێگۆڕکێپێکردنی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، یەکەی 10ـی چیا، سەر بە سوپای ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، جێگەی هێزەکانی پاسەوانی نیشتیمانی ئۆهایۆیان لە هەولێر گرتووەتەوە”.

ئەم ئاڵوگۆڕی هێزەی هاوپەیمانان، لە رێورەسمێکی فەرمیدا لە رێکەوتی 15.8.2023 ئەنجامدراوە و هێزێکی نوێ جێگیر کراوە.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەشڵێت، “ئەم جۆرە جێگۆڕکێیانە بەشێوەیەکی پلان بۆ دارێژراو و بە وردی لەگەڵ هاوبەشە ئەمنییەکانمان دەکرێن”.

رۆژی پێنجشەممە 17.8.2023، فەریق خۆسێ ئەنتۆنیۆ ئۆگوێرۆ ماتنیس، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی ناتۆ لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، ئەرکەکانی هێزەکانیان لە عێراق زیاد دەبێت.

فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی ناتۆ بە قاسم ئەعرەجی وتووە، جگە لە ئەرکەکانی پێشوویان ئەرکی راوێژکاری و بونیادنانی تواناکانیان بۆ پشتیوانیکردنی وەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی زیاددەبێت.