وێنەی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و سیمبوڵی ناساندنی پارێزگاکە - وێنە: ئەرشیفی 964
بۆ بەرکەوتوانی چەکی کیمیاییە
بەغدا تیمێکی پزیشکی دەنێرێتە هەڵەبجە
پێشەوا محەمەد
بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق تیمێکی پزیشکی بۆ چاودێری رەوشی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی دەنێردرێتە هەڵەبجە.
تیمەکە تێچوو و چۆنێتی چارەسەرکردنی بەرکەوتووەکان ئامادە دەکات.
ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “پێشتر ئێمە چووینەتە بەغدا و داوامان کردووە تیمی تایبەت بۆ چاودێری و چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی بێنە هەرێم و لەسەر ىوودجەی بەغدا چارەسەریان بکرێت، بەڵام هیوادارین ئەو تیمە زوو بگەن”.
ئاماژەی بەوەش دا، نەخۆشی چاو، پێست، دڵ و هەناسە لە دیارترین نەخۆشی ئەو بەرکەوتوانەن.
بە پێی زانیارییەکانی تەندروستی هەڵەبجە، تا ئێستا ژمارەی دیاریکراوی بەرکەوتوان دیار نییە، چونکە بەردەوام داواکاری هەیە و ئێستا لە هەڵەبجە زیاتر لە دوو هەزار، لە سلێمانی 500 و لە هەولێر سێ هەزار داواکاری هەیە کە دەڵێن بەرکەوتەی چەکی کیمیایین.