"لە راوەدوونانی گەندەڵکاران ناکەوین".

عێراق بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێت کە تێوەگلاون لە “قاچاغچێتی نەوت”

فەرهاد حەسەن

سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق رایانگەیاند، دەزگای دژە تیرۆر چەند کەسێکی تێوەگلاو لە قاچاغچێتی نەوتی لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتدا دەستگیرکردوە و لە باشوری بەغداش لەگەڵ گروپێکی چەکداردا توشی پێکدادان بووە و دەشڵێن  “لەڕاوەدوونانی گەندەڵکاران ناکەوین”.

سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق باسیان له‌وه‌كردوه‌، ژمارەیەک لە دەستگیرکراوەکان پێوەندی خزمایەتییان لەگەڵ ئەو راگیراوانەدا هەیە کە بەهۆی گومانی گەندەڵی لە قاچاغچێتی نەوتدا، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

محەمەد عەلی لامی، سەرۆکی دەستەی نه‌زاهه‌ی عێراق رایگه‌یاند، لەگەڵ نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رێکەوتون لەسەر “وشکردنی دەرچەکانی قاچاغی پارە”، هاوكات جه‌ختی له‌ سه‌ر گرنگیی لێکۆڵینەوە داراییە هاوتەریبەکان بە ئامڕازێکی کاریگەر بۆ بەدواداچونی دەستکەوتەکانی تاوانی گەندەڵی و ئاشکراکردنی رێڕەوەکانیان، کردووەتەوە.

لامی، باسی له‌ پێویستی کۆنتڕۆڵکردنی دەرچەکانی قاچاغی پارە بۆ پاراستنی سامانی گشتی و بەهێزکردنی نەزاهە کردووە، لە رێگەی یەکخستنی هەوڵەکانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان.

سەرۆکی دەستەی نه‌زاهه‌ی عێراق دەڵێت، لە میانەی دیدارێکی لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی، رێگاکانی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوانیان تاوتوێ کردوە، بەجۆرێک کە پشتگیری لە هەوڵەکان بکات بۆ پاراستنی سیستەمی دارایی، چەسپاندنی بنەماکانی شەفافییەت، و پشتیوانی یەکتر لە جێبەجێکردنی ئەو رێکارانەی کە بۆ سنوردارکردنی تاوانەکانی گەندەڵی، سپیکردنەوەی پارە و سەرپێچییە داراییەکان پێویستن.

بەقسەی سەرۆکی دەستە، هێزێکی دژه‌ تیرۆر لەگەڵ چەکدارانی سەر بە گروپێکی چەکدار کە دەستیان بەسەر کێڵگەیەکی کشتوکاڵیدا گرتبوو لە باشوری (بەغدا)ی پایتەخت، توشی پێکدادان بوون و لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە هەمان ناوچە پێنج کەس دەستگیرکراون.

هەڵمەتی دەستگیرکردنەکان بەرەبەیانی یەکشەممەی رابردوو 28.6.2026 لە ناوچەی سەوز لە بەغدا  دەستیپێکرد، کە هێزە ئەمنییەکان  هەیانکوتایە سەر بارەگا و ماڵی سیاسەتمەداران، کە بووەهۆی دەستگیرکردنی 47 تۆمەتبار لە پەرلەمانتاران و بەرپرسان بە تۆمەتی گەندەڵی، ئەوەش لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی جێگری وەزیری نەوت، عەدنان جەمەیلی، کە مانگی ئایاری رابردوو دەستگیر کرابوو.