"هیچ فشارێک ساردمان ناکاتەوە"

عەلى زەیدى: بەردەوامین لە راوەدوونانى گەندەڵکاران

964+

وریا فەتاح

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتەکەی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ راوەدوونانی گەندەڵکاران، گەڕاندنەوەی مافەکانی دەوڵەت و چەسپاندنی دەوڵەتی دامەزراوەیی و دادپەروەری.

زەیدی لە پۆستێکدا کە لە پلاتفۆرمی (ئێکس) بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند: “حکومەتەکەمان بەوپەڕی چەسپاوی و پێداگرییەوە بەردەوامە لە راوەدوونانی گەندەڵکاران، گەڕاندنەوەی مافەکانی دەوڵەت و چەسپاندنی دەوڵەتی دامەزراوەیی و دادپەروەری، هەرگیز لەم رێبازە پاشگەز نابێتەوە، هەرچەندە ئاڵەنگارییەکان و فشارەکانیش گەورە بن.”

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوپەیمانان و لایەنە جیاوازەکانی کرد و وتی: “زۆر سوپاس و پێزانینمان بۆ گەلی عێراقی ئازیز دەردەبڕین کە خاوەنی هەڵوێستی رەسەن و پشتیوانیکارن بۆ پرۆسەی چاکسازی. هەروەها پێزانینی بێپایانمان ئاراستەی برایان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەنجومەنی باڵای دادوەری، مەرجەعە باڵاکانمان، و سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە بەڕێز سەید موقتەدا سەدر، و چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانی، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرجەم هێز و حزبەکانی تر دەکەین.”

هەروەها سوپاسی تایبەتی ئاراستەی دەزگا ئەمنیی و چاودێرییەکان، پێشنوێژ و مامۆستایانی ئایینی، شێخی عەشیرەتە رەسەنەکانی عێراق، رۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکاران و هەموو ئەو هێزە نیشتمانییانە کرد کە لە جەنگی دژی گەندەڵیدا لە پاڵ حکومەتدا وەستاون.

لە کۆتاییشدا زەیدی ئاماژەی بەوەدا کە: “ئەم یەکڕیزییە نیشتمانییە بەرفراوانە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تەنیا جەنگی حکومەت نییە، بەڵکو جەنگی سەرتاسەریی نیشتمانە کە تێیدا هەمووان یەکدەگرن بۆ بەرگریکردن لە سامانی گشتی، سەروەریی یاسا و ئایندەی عێراق.”