یانەی هەولێر پیشەگەرێکی گواستەوە و چاوەڕێی سێی دیکە دەکات

+964

هێژا خەسرەو- هەولێر

یانەی هەولێری بەشدار لە خولی عێراق بە گواستنەوەی یاریزانان شۆڕش لە یانەکەی بەرپا دەکات و پیشەگەرێکی گواستەوە ریزەکانی و چاوەڕێی چەند یاریزانێکی دیکەش دەکات.

ماوەی چەند رۆژێکە یانەی هەولێر کەوتووەتە خۆی و گواستنەوەی چەند یاریزانێکی بۆ یانەکەی راگەیاندووە و گرێبەستی چەند یاریزانێکیشی نوێکردووەتەوە، ئەم کارانەی یانەکە لە چەند رۆژی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت.

هەولێر هەر زوو گرێبەستی محەمەد موحسین و ئەحمەد مەکەنزی نوێکردەوە و لە دوایین هەوڵیشیدا سەرکەوتوو بوو لە رازیکردنی شێرکۆ کەریم لە یانەکەی و ئەویش گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی دایک نوێدەکاتەوە.

لە گواستنەوەی یاریزانانیشدا هەر زوو عەلا مەهاوی گواستەوە و دواتریش رایانگەیاند کە گرێبەستیان لەگەڵ لویس ئیدواری یاریزانی پیشەگەری کۆڵۆمبی کردووە و ئەو یاریزانە لە هێڵی هێرشبەر یاریی دەکات. لە دوای ئەو یاریزانە کۆڵۆمبییە نۆرەی یەعقوب یونسی هێرشبەری پیشەگەری عێراقی هات، کە لە یانەی ئۆبافەی چیکی یاریی دەکرد، کە ئەویش بە فەرمی بووە یاریزانی هەولێر.

ئیبراهیم قادری بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بە 964ـی راگەیاند، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا سێ یاریزانی پیشەگەری دیکە پەیوەندی بە یانەکەیانەوە دەکەن، جگە لەم یاریزانانە لە گفتوگۆدا دەبن لەگەڵ یاریزانانی یانەکەدان و بەپێی پێویستی راهێنەر گرێبەستی یاریزانان نوێدەکرێتەوە.

وتیشی، لەگەڵ هەر یاریزانێکیش رێکنەکەوین دەستبەرداری دەبین.

یانەی هەولێر دەیەوێت لە وەرزی داهاتوو باشتر دەربکەوێت و لەسەر پلەکانی پێشەوەی خولی یانە پیشەگەرەکانی عێراق لە رکابەریدا بێت و هیچ نەبێت یەکێک لە بلیتەکانی پاڵەوانیەتییەکی ئاسیا وەربگرێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا