کەمپەکانی دهۆک زیاتر لە ١٨٠ ملیار دینار قەرزی کارەبایان لایە

+964

عەمار عەزیز – دهۆک

بەپێی رێککەوتنێک، حکومەتی هەرێم کارەبا و ئاوی کەمپەکانی پارێزگای دهۆک دابیندەکات و دەبێت حکومەتی عێراق پارەکەی بدات، بەڵام ئەوە شەش ساڵە بەغدا پارەی نەداوە، بە قسەی بەرپرسان.

دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە قسەی بۆ 964+ کرد.

“سێ مانگ لەمەوبەر وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم ئاگاداریان کردینەوە کە پارەی کارەبای کەمپەکان گەیشتووەتە ١٨٠ ملیار داوایان کرد لە رێگەی ئێمەوە بەغدا ئەو پارەیەیان بۆ بنێرێت”، دیان جەعفەر وای وت.

964+ دەزانێت، هێشتا و تاوەکو ئێستا بەغدا ئەو پارەیەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان خەرج نەکردووە.

ئەو بەرپرسەی کۆچ و کۆچبەران دڵنیایی دایە ئاوارەکان بەوەی پێویست ناکات نیگەران بن، “چونکە حکومەتی هەرێم بەهیچ شێوەیەک کارەبای کەمپەکان نابڕێت و لە هەمان کاتیشدا لە حەقی خۆی لەگەڵ بەغدا خۆش نابێت”.

ئاوارەکانی شنگال و نەینەوا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە کەمپەکانی دهۆک دەژین، بە گشتیی نزیکەی ٢٧ هەزار خێزانن لە ١٥ کەمپ.

لە دەرەوەی کەمپیش نزیکەی ٣٨ هەزار ئاوارە تۆمارکراون لە دەرەوەی کەمپەکان.