بە پەڕەشووتەوە کەوتە بەنداوی سماقولی

964+

فەهمی نەبی

بەرگری شارستانی کۆیە بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ هەینی پەڕەشووتوانێک لە خنکان رزگار کراوە، ئەمەش دوای ئەوەی ماتۆڕی پەڕەشووتەکەی وەستاوە.

پۆلیسی بەرگری شارستانی کۆیە دەڵێت، ئەو پەڕەشووتوانە ناوی محەمەد عەباسە و خەڵکی هەولێرە.

گۆران ئەحمەد سماقە، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی کۆیە بۆ 964 وتی، ئەو گەنجە لە دەوروبەری بەنداوەکە بەهۆی ماتۆڕەوە ویستوویەتی فڕینەکەی ئەنجام بدات، بەڵام کێشە لە ماتۆڕی پەڕەشووتەکەی دروست بووە، بۆیە کەوتووەتە ناو بەنداوی سماقولی، تیمەکانی بەرگری شارستانی لە سماقولی بەزوویی رزگاریانکرد.

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی کۆیە ئەوەشی وت، ئەمڕۆ هەینی تیمەکانی بەرگری شارستانی سێ کەسیان لە بەنداوی سماقولی لە خنکان رزگار کردووە، بەردەوام دوو بەلەم و چوار کارمەند لەسەر بەنداوەکەن بۆ هەر رووداوێک.

بەنداوی سماقولی دەکەوێتە قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر، جگە ماوەی شەش ساڵە کارەکانی تەواو بووە، بووەتە ناوچەیەکی سەرنجڕاکێشی گەشتیاری.