ئەمڕۆ سێ پارێزگای هەرێم گەرمترین رۆژی ساڵیان تۆمار کرد

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ لە سێ پارێزگای هەرێم گەرمترین رۆژی ساڵ تۆمارکراوە.

بەگوێرەی وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی هەرێم بێت، ئەمڕۆ هەینی 11.8.2023 لە هەریەکە لە پارێزگاکانی هەولێر و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان گەرمترین رۆژی ساڵ بووە.

پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم ئەوەیە، ئەمڕۆ هەینی پلەی گەرمی هەولێر 47 پلەی سیلیزییە، لە کەرکوک 49 پلە و لە گەرمیان 51 پلەی سیلیزییە.

رێبەر مزوری، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی جیۆلۆجی ژینگەیی بە 964ی وت، “لەماوەی چوار ساڵی رابردوو بەشیوەیەکی زۆر پلەی گەرمی هەولێر بەرزبووەتەوە، بەجۆرێکە لەگەڵ ساڵی 2020 نزیکەی 10 پلە گۆڕانکاری تۆمارکردووە”.

چەند رۆژێکە بەهۆی هاتنی تۆپەڵە گەرمی بۆ ناوچەکە و نزیک بوونەوە لە کۆتاییەکانی چلەی هاوین، پلەی گەرمی بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.