یانەی هەڵەبجە لە هەولێرەوە گەڕایەوە خولی پلە یەکی کوردستان
+964
هێژا خەسرەو ـ هەولێر
لە دوایین گەڕی یارییەکانی خولی پلە دووی کوردستاندا یانەی هەڵەبجەی شەهید بووە میوانی یانەی پەروەردە و یارییەکەشی بە گۆڵێکی کوشندەی بێبەرامبەر لێبردەوە، کە لە دواساتدا تۆمارکرا.
پەروەردە بە بردنەوە و یەکسانبوون دەگەیشتە پلە یەک، هەڵەبجەش پێویستی بە بردنەوە بوو، یارییەکە نزیک بوو لە کۆتایی، چوار خولەک کاتی زیاد کراو هەبوو، لە دوایین ساتدا هەڵەبجە گۆڵی بردنەوە و سەرکەوتنی یارییەکەی تۆمارکرد و یانەکەی گەڕاندەوە خولی پلە یەک.
دوای یارییەکە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هەردوو یانەدا دروست بوو، کە بە هۆی دەمەقاڵێی یاریزانانیش ناوبژیوان دوو یاریزانی هەڵەبجەی بە کارتی سوور کردە دەرەوە.
دوای یارییەکە عادل خالید راهێنەری هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە 964ی وت: بە حەماسەتی یاریزانان ئەم یارییەمان بردەوە، ئەم بردنەوەیە پێشکەش بە شەهیدانی هەڵەبجە دەکەم، یانەکەم شایەنی ئەوەیە لە خولی نایابیشدا یاریی بکات.
لە خولی پلە دووی کوردستاندا هەڵەبجە بە پلەی یەکەم و بە کۆکردنەوەی 10 چووە پلە یەک، یانەی تەناهییش بە پلەی دووەم بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ سەرکەوت، بەختیاریش بە 8 خاڵ چووە پاشکۆی گەیشتن بە خولی پلە یەک.
پێشتر یانەی هەڵەبجەی شەهید لە خولی پلە یەکی کوردستان یاریی دەکرد، بەڵام دواتر دابەزی بۆ پلە دوو، پێش ئەوەی ئەمڕۆ جارێکی دیکە بگەڕێتەوە پلە یەک.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا