لە موسڵ ئەزمەی بەنزینە
پاڵاوگەکانی بێجی و کار وەستاون
+964
فەهمی نەبی
رۆژنامەی سەباح، کە رۆژنامەی فەرمیی حکومەتی عێراقە رایگەیاندووە، ماوەی 10 رۆژە هەردوو پاڵاوگەی بێجی و کار وەستاون و بەو هۆیەوە بەنزین لە بەنزینخانەکانی موسڵ کەمبووەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە رۆژنامەی سەباح لە راپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات، کەمبوونەوەی بەنزین بەهۆکاری وەستانی ئەو دوو پاڵاوگەیە روویداوە، بەڵام هۆکاری وەستانەکەی باس نەکراوە، کە بەهۆیەوە بەشێک لە بەنزینخانەکانی شاری موسڵ و قەزای مەخمور و دەوروبەری بەنزینیان نەماوە و بووەتە هۆکاری دروستبوونی نۆرە.
زیاتر لە دوو هەفتەیە لە بەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستاندا نرخی هەر لیترێک بەنزینی نۆرمال 300 دینار گرانتر بووە، ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایگەیاند، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین ئەوەیە لە رۆژی 10.7.2023-ەوە، حکومەتی عێراق پشکی هەرێمی لە پێدانی بەنزین بڕیوە.
بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بێت، لەمەودوا هەرێم مانگانە 71 ملیۆن لیتر بەنزین هاوردە دەکات، ئەمەش دوای هەڵگرتنی قەدەغەی هاوردەکردنی بەنزین لە 30.7.2023.
هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە چوار بۆ پێنج ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، ئەمەش بە پێی ئاماری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.
شەوی 3.8.2023 ئاگرێک لە پاڵاوگەی کار لە نزیک ناحیەی کەورگۆسک کەوتەوە، بەڵام هێشتا هۆکار و زیانەکانی دروستبوونی ئەو ئاگرە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام وەستانی پاڵاوتنی بەنزین لەو پاڵاوگەیە، زیاتر لە هەفتەیەک بەر لە روودانی ئاگرکەوتنەوەکە بووە،
پاڵاوگەی کار دەکەوێتە ناحیەی کەورگۆسک لە نزیکی هەولێر، جگە لە دابینکردنی بەشێکی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان، بەنزین بە حکومەتی عێراقی دەفرۆشرێت و لە پارێزگای موسڵ و دەوروبەری دابەش دەکرێت، پاڵاوگەی بێجی لە ساڵی 1976 دامەزراوە و بە یەکێک لە گەورەترین پاڵاوگەکانی عێراق دادەنرێت، دەکەوێتە قەزای بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین.