نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان گرنگی ژینگەیى به‌ سنوورى بێتواتە ده‌دات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى بێتواته‌ ده‌ڵێت، له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ ره‌زامه‌ندی وه‌رگیراوه‌ كه‌ چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی ژینگه‌یی له‌ سنووره‌كه‌یان دروستبكرێن.

چاککردنى جۆگە ئاودێرییەکان و پاڵاوتنی ئاوەڕۆکان و پاککردنەوەیان بۆ مەبەستی کشتوکاڵ، به‌شێكى پڕۆژه‌كانه‌ كه‌ لە هەردوو شارۆچکەی سەروچاوە و شکارتە جێبەجێی دەکەن.

ئیبراهیم مەحموود، بەڕێوەبەرى ناحیەى بێتواتە، بە 964ـى راگه‌یاند “نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌رێگه‌ى رێکخراوى WFP پرۆژەكانى جێبه‌جێده‌كات و ره‌زامه‌ندى ته‌واوى پڕۆژه‌كانیش وه‌رگیراوه‌.

وتیشى “جگه‌ له‌و پڕۆژانه‌، دارستانێكى ده‌ستكردیش له‌سه‌ر رووبەرى 50 دۆنم زه‌وى وەک پێشتێنەى سەوزایى بۆ شارۆچکەى سەروچاوە دروستده‌كرێت، كه‌ ده‌بێته‌ یه‌كه‌مین دارستانى ده‌ستكرد له‌ سنوورى ناحیه‌كه‌مان”.

به‌قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ به‌ دروستكردنى ئه‌م دارستانه‌ رێژه‌ى سه‌وزایی له‌ سنووره‌كه‌یاندا ده‌بێته‌ زیاتر له‌ 13%، به‌پێی رێككه‌وتنى نێوان هه‌ردوولاش WFP بۆ ماوه‌ى سێ ساڵ چاودێری و خزمه‌تى دارستانه‌كه‌ ده‌كات و دواتریش راده‌ستى ناحیه‌ ده‌كرێته‌وه‌.