مێرمنداڵێکی 14 ساڵان بەرگدوورێکی سەرکەوتووە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
مێرمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵ بە ناوی ئۆمێد زێرەڤان رەمەزان، لە قەزای ئاکرێ بە تەمەنێکی بچووکەوە کارێکی گەورە فێربووە، کاری دوورینی جلوبەرگی کوردی دەکات و ئیستا بەلێهاتووی لەژێر دەستی باپیرەی فێری کارەکە بووە.
ئومێد بە 964ـی وت، تەمەنی شەش ساڵان بووە کە باپیری بردوویەتی بۆ دوکان و دەستیکردووە بەوەی فێری دوورینی جلوبەرگی بکات.
ئەوان هەموو بەیانییەک دەچنە دوکانەکەیان و کاری خۆیان دەکەن.
رەمەزان سەبری عەبدال، باپیری ئومێد، لە ساڵی 1960 دەستی بە ئیشەکە کردووە، لە ئاکرێ بە “رەمەزان خەیات” ناسراوە.
“ئومێد لەسەر دەستی من و باوکی فێری کارەکە بووە و چەندین کەسی ترمان فێرکردووە کەوا ئێستا خاوەنی ئیشی خۆیانن، ئۆمێد پێش ئەوەی بچێت بۆ قوتابخانە لەگەڵ خۆمان دەمانهێنا بۆ دوکان و یەکەمجار فێری ئووتی و ئۆڤەرمان کرد دواتر پەیتا پەیتا فێری هەموو شتێک بوو”، باپیری ئومێد وای وت.