چوار وەرز گەشتیار دێتە کوردستان
بە نەخشەڕێگایەک چاکسازی لە کەرتی گەشتیاری هەرێمدا دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
دەستەی گەشتوگوزار بە هاوكاری رێكخراوەکانی UNDP و USAID نەخشەڕێگایەکی چاکسازییان بۆ کەرتی گەشتیاری هەرێم راگەیاند و لە نۆ تەوەردا خۆی دەبینێتەوە.
نەخشەڕێگاکە لە بووارەکانی چاكسازیی یاسا، رێنماییەكان، پەیكەری كار و پەیكەری رێكخراوەیی، پلانی ستراتیژیی گەشتوگوزار، شوێنە كولتووری و رۆشنبیرییەكان، مۆڵەتی گەشتیاری، هەڵسەنگاندنی كوالێتی، پەرەپێدانی ژێرخان، پەروەردە و خوێندن و راهێنان کارا دەبێت.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە 964ـی راگەیاند، راوێژکارێکی نێودەوڵەتی دوای لێکۆڵینەوە لە کەرتی گەشتوگوزاری هەرێم کۆمەڵێک راسپاردەی لەو بووارانەدا پێشکەشکردووە بۆ جێبەجێکردنیان و بەرەوپێشبردنی گەشتوگوزار.
وتیشی، “بەپێی نەخشەڕێگاکە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێم بۆ هەر چوار وەرزەکە ئامادە دەکرێن و وا دەکرێت گەشتیاران بتوانن بێ جیاوازی وەرزەکان سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستان بکەن”.