16 گوندى خه‌لیفان ئاو به‌ تانكه‌ر وه‌رده‌گرن

964+

ئاكام غه‌فور – خه‌لیفان

له‌ سنوورى ناحیه‌ى خه‌لیفان 16 گوند به‌هۆى كێشه‌ى كه‌مئاوییه‌وه‌ ئاوی پاكیان به‌ ته‌نكه‌ر بۆ ده‌چێت، فه‌رمانگه‌ى ئاویش ده‌ڵێت، تا بودجه‌ ته‌رخان نه‌كرێتناتوانین چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌یان بكه‌ین.

تا هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، ژماره‌ى ئه‌و گوندانه‌ى له ‌سنوورى خه‌لیفان به‌ ته‌نكه‌ر ئاویان بۆ ده‌چوو 22 گوند بوون، به‌ڵام به‌م دواییه‌ چاره‌سه‌رى بۆ شه‌ش گوند كراوه‌ و 16 گوندیش رۆژانه‌ چاوه‌ڕێى ته‌نكه‌ره‌ ئاوى حكومه‌ت ده‌كه‌ن.

حكومه‌ت رۆژانه‌ بۆ هه‌ر خێزانێك هه‌زار لیتر ئاوى بۆ داناون و له‌به‌رامبه‌ریشدا مانگانه‌ بڕى حه‌وت هه‌زار و 500 دینار له‌هه‌ر خێزانێك وه‌رده‌گرێت.

دلێر ره‌شید به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ئاوى خه‌لیفان، به‌ 964ـى وت، هۆكارى سه‌ره‌كى بوونى كێشه‌وگرفتى ئاو له‌ گونده‌كانى ئه‌م سنووره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ حكومه‌ت به‌هۆی قه‌یرانى دارارییه‌وه‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌كی ئاوى له‌و سنووره‌ جێبه‌جێ نه‌كردووه‌.

وتیشی “ئه‌و شه‌ش گونده‌ى چاره‌سه‌رى كێشه‌ى ئاویان بۆ كراوه‌، له‌رێگه‌ى جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ بووه‌، ئه‌و 16 گونده‌ى كه‌ ماویشن پێویسته‌ بودجه‌یان بۆ ته‌رخان بكرێت”.

سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌ حكومه‌تى هه‌رێم، خه‌لیفانى له‌ ناحیه‌وه‌ كرد به‌ قه‌زا، به‌ڵام تا ئێستا ده‌سه‌ڵاته‌ ئیداره‌ییه‌كان هه‌ر له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت و هیچ هه‌نگاوێكى به‌ قه‌زابوونى بۆ نه‌نراوه‌.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن