چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان:

“ئەو کەسە بێ لانەیەی لەسەر شەقام دەمێنێتەوە خۆی شوێنەکەی هەڵبژاردووە”

شۆڕش قادری

بەڕێوەبەرایەتی گشتى چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان دەڵێت، ئەو کەسە بێ خانە و لانەیەی لەسەر شەقام دەمێنێتەوە، خۆی شوێنەکەی هەڵبژاردووە، ئەگەرنا کار و شوێنی گونجاویان بۆ دۆزیوەتەوە و بەجێیهێشتووە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتى چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی رایگەیاند، “دوای ئاگادارکردنەوەمان لە مانەوەی گەنجێکی بێ لانەی قەزای کەلار لەسەر شەقام، بەدواداچوونمان کرد و بە هاوکاری رێکخراوی مناڵپارێزی کوردستان شوێنێکی گونجاومان بۆ دیاریکرد و خواردن و پێداویستی رۆژانەی بۆ دابینکرا و خرایەسەر کار، بەڵام بەبێ هیچ ئاگادارییەک کارەکەی جێهێشتووە”.

دوای چەند رۆژێک گەڕان بەدوایدا، ئەو گەنجە دیسان لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان دۆزراوەتەوە، بەڵام رازی نەبووە بگەڕێتەوە و وتوویەتی ژیانی سەر شەقام هەڵدەبژێرێت و نایەوێ لە هیچ شوێنێک نیشتەجێ ببێت.

هەرچەندە بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان زۆر هەوڵیداوە و پەیوەندیشی بە کەسوکاری ئەو گەنجەوە کردووە، بەڵام بێسوود بووە و ئەوانیش وتوویانە، کوڕەکەیان نایەوێت لە هیچ شوێنێک سەقامگیر ببێت و پێشووتریش هەر جارێک لە شارێکی تر دۆزراوەتەوە.

دەقی روونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتى چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان لە خوارەوە؛

روونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی؛

سەبارەت بە هاووڵاتیەکی (بێ لانە)ی قەزای کەلار

لە ڕۆژی هەینی 15.5.2026 پاش ئاگاداربونمان  لە دۆخی لاوێکی بێ لانە بەناوی (ا.س)، دەستبەجێ لە لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی  کۆمەڵایەتی گەرمیان  لەلایەن کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمانەوە بە هاوکاری نوێنەری ڕێکخراوی مناڵپارێزی کوردستان بەدواداچوونمان کرد بۆ چارەسەرکردنی کەیسەکە، بە مەبەستی پاراستنی ناوبراو و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆی، سەرەڕای دابینکردنی شوێنێکی گونجاو بۆ مانەوەو خواردن و پێداویستی ڕۆژانە و تەرخانکردنی توێژەری کۆمەڵایەتی بۆ پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی، لە ماوەی چەند رۆژێکدا بە هاوکاری چەند خێرخوازێک کارێکی گونجاومان بۆ دۆزییەوە و خرایە سەرکارێک کە لەگەڵ توانای جەستەیی و باری دەروونیدا گونجاو بوو، بەداخەوە، ناوبراو بەبێ هیچ ئاگادارییەک بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان شوێنی مانەوەکەی بەجێ هێشتوو دوای چەند  ڕۆژێک گەڕان بەدوایداو دۆزینەوەی لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان  ناوبراو پێی ڕاگەیاندین ژیانی سەر شەقام هەڵدەبژێرێت و نایەوێ لە هیچ شوێنێک نیشتەجێ ببێت.

پاش پەیوەندی بەڕێوەبەری گشتی بەکەسوکارییەوە ڕوونیان کردەوە کە ناوبراو نایەوێت لە هیچ شوێنێک سەقامگیر ببێت و پشوتریش هەر جارێک لە شارێکی تر دۆزراوەتەوە.

لە کۆتاییدا، داوا لە هەموو ڕۆژنامەنووسان و میدیا بەڕێزەکان  دەکەین لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کەیسە کۆمەڵایەتییەکان، پێش بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک، زانیاری لە لایەنە  پەیوەندیدارەکان وەربگرن بۆ ڕاست و دروستی بابەتەکە و پاراستنی شکۆی هاوڵاتیان.