دوو فیشەکی بەرکەوتووە
لە کەرکوک تەقە لە ئەفسەرێکی پۆلیس کرا
964+
کاروان ساڵحی
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە بەردەم نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک، ئەفسەرێکی پۆلیس لەلایەن دوو سەرنشینی ماتۆڕسکیلێکەوە تەقەی لێکراوە و بریندارکراوە.
ئەفسەرەکە ناوی عەلی شەهابە، دانیشتووی قەزای داقووقە و لە کەرکوک دەوام دەکات.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوک بۆ 964ـی گێڕایەوە، بە قسەی ئەفسەرە بریندارەکە، ماتۆڕسکیلەکە چاودێری ئەفسەرەکەی کردووە و ئەمیش لە بەردەم نەخۆشخانەی گشتی شارەکە وەستاوە تا بزانێت بۆچی دوای کەوتوون، بەڵام تەقەیان لێکردووە.
ماتۆڕەکە دوو سەرنشینی لەسەر بووە، دەستبەجێ هەڵهاتوون و هێشتا دەستگیرنەکراون.
ئەفسەرەکە دوو فیشەک بەر شانی کەوتووە، ئێستا تەندروستی جێگیرە و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت.