بڕیارە تا دوو مانگی تر گرفتی کەمئاوی باتیفا چارەسەر بکرێت
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
دواى 25 ساڵ له بوونى كێشه‌ى كهمئاوى، خه‌ریكه له رێگه‌ى پڕۆژه‌یه‌كه‌وه، قه‌زاى باتیفا چاره‌سه‌رى كهمئاویهكهى بۆ ده‌كرێت و بەرێوەبەری فەرمانگەی ئاوی زاخۆش ده‌ڵێت كه‌متر له دوومانگی تر ئه‌و پڕۆژه‌یه ته‌واو ده‌كرێت.
باتیفا، لە رۆژهەڵاتەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە، نزیکەی 25 کێلومەتر لێیه‌وه دوورە، ژمارەی دانیشتوانی لە 25 هه‌زار كه‌س زیاترە و 25 ساڵیشه کێشەی کەمئاوی به‌رۆكى به‌رنه‌داوه.
خورشید فەرەج، دانیشتوی قەزای باتیفایە بە 964ـى وت، پێنج هه‌زار ماڵ زیاتر لەباتیفا هەن، لە دەرگای هەر ماڵێك بده‌یت ده‌ڵێت كێشه‌ى كه‌مئاویمان هه‌یه.
وتیشی “من منداڵ بوم، ئێستا منداڵەکانم گەورەبوونە و کێشەی كه‌مئاویش هه‌ر بەردەوامە”.
ئەندازیار ساڵَح حەسەن، بەرێوەبەری فەرمانگەی ئاوی زاخۆ بۆ 964 ئه‌وه‌ى نه‌شارده‌وه كه خەڵکی باتیفا زۆر به‌رگه‌ى کەمئاویان گرتووه، به‌ڵام ده‌ڵێت “بەڵێنیان پێدەدەم کەمتر لە دوو مانگى دیكه، پڕۆژەی ئاوی باتیفا کۆتایی دێت و ئه‌و كێشه له‌مێژینه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت”.
ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ى ساڵح حه‌سه‌ن باسیده‌كات، 86٪ کاره‌كانى ته‌واو كراوه، بڕیاریشه لە کۆتایی مانگی ئه‌یلولى ئه‌مساڵ ته‌واوببێت و بخرێته كار.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، پێشتر لەبەر هۆکاری جیاجیا ئه‌و پڕۆژەیە وەستابوو، بەڵام ده‌ڵێت “ئێستا کار لە پروژەکەدا بەردەوامە و کەمتر لە دوو مانگى دیكه تەواو دەبێت”.
باتیفا له ناوچەیەکی شاخاوی هه‌ڵكه‌وتووه، سه‌ره‌ڕاى بوونى رووبار و ئاوێكی زۆر لەسنوورهكهیدا، کەچی 25 ساڵه به‌هۆى كهمئاوى ده‌ناڵێنێت.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن