لە دهۆک تەنیا 250 کیلۆمەتر رێگا ماوە ببێتە دوو ساید

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

بڕیارە 250 کیلۆمەتر رێگای سەرەکی لە پارێزگای دهۆک بکرێت بە دوو ساید و بەنزیکی کۆتایی بە رێگای سەرەکی یەکساید بێت لەو پارێزگایە.

لە سنوری پارێزگای دهۆک، 550 کیلۆمەتر  رێگای نێوان شاری دهۆک و قەزا و ناحیەکانە،  تا ئێستا نزیکی 300 کیلۆمەتری کراوەتە دوو ساید، بەڵام زیاتر لە 250 کیلۆمەتری ماوە بکرێتە دوو ساید.

رێدیر سلێمان، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی دهۆک بە 964ی وت، “پلانمان ئەوەیە رێگا سەرەکیەکان هەمووی بکرێن بە دوو ساید، بەتایبەت رێگای نێوان دهۆک – بەردەڕەش و کەڵەک، دیزانی ئەو رێگایە تەواو بووە، چاوەڕوانی بودجەین و لەماوەیەکی نزیک جێبەجێدەکرێت، دوای ئەو هەنگاوە رێگای نێوان دهۆک – باعەدرێ دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردن”.

رێدیر سلێمان ئەوەشی وت، بڕیارە رێگاکانی نێوان دهۆک بۆ ئامێدی، رێگای سوارەتیکا بۆ سەرسنگ، ناحیەی دێرەلوک بۆ شیلادزێ بکرێنە دوو ساید، دیزانی هەموو ئەو رێگایانەش تەواو بوونە، تەنیا جێبەجێکردنی ماوە، بەڵام ئەگەر بودجە هەبێت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی