ئەمشەو لە یاریگەی فرانسۆ هەریری
هەولێر بەبێ چەند یاریزانێکی گرنگ رووبەڕووی نەجەف دەبێتەوە
+964
هێژا خەسرەو – هەولێر
یانەی هەولێر بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانی نەجەف ئامادەکارییەکانی تەواو کرد، بەڵام کێشەی زۆر لە پێکهاتەکەیدا هەیە.
یانەی هەولێر بۆ یارییان بەرامبەر یانەی نەجەف لە گەڕی 37ـی خولی نایابی عێراق، شەوی رابردوو ئامادەکارییەکانی بە ئامادەبوونی زۆربەی یاریزانەکان کۆتاییپێهێنا، بەڵام بەهۆی دوورکەوتنەوەی چەند یاریزانێک بۆ یارییەکە، کێشە لە پێکهاتەی یانەکەدا دروست دەبێت.
شوان مامۆ بەڕێوەبەری تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر بە 964ـی وت: بۆ یارییەکە ناچارین گۆڕانکاری لە پێکهاتەدا بکەین، ئەویش بەهۆی ئەوەی رەوا یوسف کارتی سووری هەیە و یاریی ناکات، حوسێن جولی گۆڵپارێزی سەرەکی یانەکەش تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە و بەشدار نابێت، ئەحمەد مەکەنزی و هێلیۆ مۆنتێرۆش هەریەکەیان سێ کارتی زەردیان هەیە و یاریی ناکەن.
یارییەکەی ئەمشەوی هەولێر و نەجەف، ئەمشەو کاتژمێر 21:00 لە یاریگەی فرانسۆ هەریری بەڕێوەدەچێت.
لە خولی نایابی عێراقدا تەنیا دوو یاری ماوە و خولی ئەم وەرزە کۆتایی دێت، هەولێر لە پلەی هەشتەمە و 52 خاڵی هەیە، یانەی نەجەفیش کە لە یاریگای هەولێر دوایین مەشقەکانیان بۆ یارییەکە ئەنجام دا، ئێستا لە پلەی شەشەمی ریزبەندین و 56 خاڵیان هەیە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا