له ههولێر ئەفسەرێکی باڵا كوژرا
+964
سەعید محەمەد – هەولێر
سەرچاوەیەک لە هێزەکانی پۆلیسی نەوت، کە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەمڕۆ بە 964+ی وت؛ ئەوەی کوژراوە جێگری فەرماندەی فەوج بووە لە هێزەکانی پاسەوانی پاڵاوگە نەوتییەکان، دوای نوێژی هەینی دەستڕێژی گولەی لێکراوە و گیانی لەدەست داوە.
وتیشی: “ماوەیەک پێش ئێستا کەسێک بە دەستی ئەم ئەفسەرە کوژراوە، گومانمان وایە کەسوکاری کوژراوەکە ئەم ئەفسەرەیان کوشتبێت”، پۆلیس و هێزە ئەمنیەکان لێکۆلینەوەیان دەستپێکردووە بۆ ئاشکرا کردنی تۆمەتباران.
پۆلیسی هەولێر روونکردنەوەی لەسەر رووداوەکەداوە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی ٩ کانوونی یەکەم، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتيی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادار کرانەوە بە بوونی حاڵەتێکی تەقەکردن لە قەزای بنەسڵاوە، دەستبەجێ تیمێکی لێکۆڵینەوە گەیشتنە شوێنی مەبەست و لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت، کە ئەفسەرێکی پۆلیسی نەوت و گاز بە پلەی موقەدەم بەناوی ئەسعەد رەئووف حەمەد، تەمەن ٤٨ ساڵ دەستڕێژی گولـلەی لێکراوە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.
تەرمی کوژراوەکە گەیەندراوەتە پزیشکی دادی و هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، لە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران.