دەستەی دەستپاکی: ئەمساڵ ٧١٣ دۆسییەی گەندەڵی تۆمارکراون

964+

مەریەم ئەحمەد – هەولێر

ڤیدیۆ

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی رایگەیاند، ئەمساڵ ٧١٣ دۆسیەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و ٧٧ دۆسیەش لە دادگاکان یەکلایی کراونەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا ژمارەیەک ئامار و دۆسیەی خستەڕوو.

ئەو وتی، ئەمساڵ ٤٨٧ دۆسیەی تازەی گەندەڵی کە سزایین، لەگەڵ ٢٢٦ دۆسیەی هەواڵدەری تۆمارکراون، کە بە تەواوی ئاماری ساڵانی رابردووشەوە دەکاتە ٩٧٦ دۆسیە.

بە قسەی ئەو ئەمساڵ ژمارەی دۆسیەکان زیادیانکردووە، “ئەمەش مانای ئەوەیە هەموو لایەنەکان روو لە دەستەکەمان دەکەن و زانیاریمان پێدەدەن”.

دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان دەستەیەكی سەربەخۆیە ئەركی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان لە ئەستۆ دەگرێت و لەژێر چاودێری پەرلەماندا دەبێت.

هەر لە کۆنفرانسەکەدا، ئەحمەد ئەنوەر باسی لەوە کرد، ئەمساڵ ٢٠٣ دۆسیە رەوانەی دادگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک کراون و ئەمەش لە ساڵانی رابردوو زیاترە.

سەبارەت بە فۆڕمی ئاشکراکردنی سامانی بەرپرسان، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی وتی، زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ فۆڕمی ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی بەرپرسان گەڕاونەتەوە و پڕۆسەکەش بەردەوامە.

لای خۆیەوە، ئەحمەد ئەنوەر بە 964+ی وت، کە داوا لە دەسەڵاتی دادوەریی، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات تاوەکو هاوکاریان بن لە بەجێگەیاندنی ئامانجەکانیان.