10 هەزار ماسی و کیسەڵ دەخرێنە ناو رووباری خابوور
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
قایمقامیەتی زاخۆ پلانیان هەیە 10 هەزار ماسی و کیسەڵ بخەنە ناو رووباری خابووە.
رووباری خابوور بە درێژایی 18 کیلۆمەتر بەناو سەنتەری شاری زاخۆ تێدەپەڕیت و لە پردی دەلال تاوەکو پردی خانە کە دێژییەکەی چوار کیلۆمەترە، بووەتە شوێنێکی گەشتیاری.
موشیر محەمەد، قایمقامی زاخۆ بە 964 راگەیاند، لە قۆناغی یەکەمدا 10 هەزار ماسی لە جۆرەکانی زەرکی خابوور، کارب و شەبوت و ژمارەیەک کیسەڵ دەخرێتە ناو رووبارەکە بە مەبەستی بوژاندنەوەی سامانی ماسی.
ئەو هەنگاوەی قایمقامیەتی قەزای زاخۆ، دوای پاککردنەوەی رووباری خابوور دێت لە ماوەی رابردوودا.
موشیر محەمەد، قایمقامی زاخۆ باس لەوەش دەکات کە دەبێت بیر لە دابینکردنی خۆراکیش بکەنەوە بۆ ماسییەکان بەهۆی پاککردنەوەی رووبارەکە.
دەشڵێت: دەمانەوێت هانی خەڵک بدەین ئاژەڵ دۆست بن و ژینگە دۆست بن، دەمانەوێت خەڵک کە هاتنە کەنارەکانی رووبارەکە ماسی و کیسەڵ و باڵندە ببینن و ببنە هاوڕێیان، بۆیە ماسیگرتنمان لە چوار کیلومەتری ناوچەکانی گەشتیاری قەدەغەمان کردووە.
ئەو هەوڵەی قایمقامیەتی زاخۆ، هەوڵێکە بۆ بوژاندنەوەی سامانی ماسی کە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی راوکردنەوە چەندین جۆری ماسی لەناوچوو بوون و ئێستا لە رووباری خابوور نابینرێن.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق