“٦٠٠ مامۆستای وانەبێژ داده‌مه‌زرێن”

964+
ئاودێر عومه‌ر – سلێمانی

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ٦٠٠ مامۆستا به‌شێوەی وانه‌بێژ دابمەزرێنێت، بە تایبه‌ت بۆ ئەو قوتابییانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن لە قوتابخانە ئاساییەکاندا، ئەمە بە وتەی پەروەردەی سلێمانی.

عومەر محەمەد ئەمین، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی گشتی سلێمانی به‌ 964+ی وت، “دوای چه‌ند ساڵێك هه‌وڵدان، دواجار حكومەتی هه‌رێم بڕیاریدا ٦٠٠ مامۆستای دەرچووی کۆلیژی پەروەردە بە وانەبێژ بۆ قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەت دابمەزرێنێت”.

وتیشی، “لەو٦٠٠ مامۆستایە، ١٤٠یان بۆ پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی سنوورەکەیە، کە پێمانوایە کەمە و داوامان کردووە زیاتر بکرێت”.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٢ هەزار مامۆستای وانەبێژ بوونی هەیە

964+ دەزانێت، چوار هەزار و ٣٣٦ قوتابی خاوەن پێداویستی تایبەت لە قوتابخانەکانی پەروەردەی گشتیی سلێمانیدا هه‌ن، ئه‌وانیش بەسەر قوتابخانە و سەنتەرەکانی راهێناندا پۆلێن کراون.

بەهار عەلی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرشەقامی بنەڕەتی لە سلێمانی به‌ 964+ی وت، له‌ قوتابخانەکەی ئەواندا، ١٠ قوتابی خاوەن پێداویستی تایبەت هەن، زۆریان ئۆتیزمن و جووڵەیان زۆرە.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردە، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٢ هەزار مامۆستای وانەبێژ بوونی هەیە کە تێیاندایە ١٠ ساڵە وانەبێژە.