لە سنووری پشدەر
ئێران ئاوی زێی بچووکی بەردایەوە و دوو ئۆتۆمبێل نوقم بوون
+964
ژێوار خدر – رانیە
دوو ئۆتۆمبێڵ لە نزیك زێی بچووك وەستابوون، ئێران بەبێ ئاگاداری ئاوی زێیەکەی بەردایەوە و هەردوو ئۆتۆمبێلەكە نوقم بوون.
مارف مەحمود، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئاوی خاس بە 964ـی وت، لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووکەوە ئاستی ئاوەکە کەمی کردبوو، بەڵام ئەمڕۆ ئاوەکە دووبارە بەردراوەتەوە و لە دوو مەتر و 25 سانتیمەوە بەرز بووەتەوە بۆ سێ مەتر و 26سانتیم.
کەویە، ناوچەیەکی گەشتیارییە و هاوڵاتیان بۆ گەشت و سەیران رووی تێدەکەن، ئەمڕۆ كە ئاوەكە بەردراوەتەوە، دوو ئۆتۆمبێلەكەی لەگەڵ خۆی بردووە، ئەوە جگە لەوەی چەندین پێداویستی دیكەشی لەگەڵ خۆیدا برد.
وتیشی، پاش ماوەیەك لە ژێرئاوكەوتنیان، هەردوو ئۆتۆمبێلەكە لە لایەن هاوڵاتیانەوە دەرهێنرانەوە، زیانێكی ئەوتویان پێنەگەیشتووە بەڵام لە هەندێك لاوە قۆپاون.
پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد