کونەماسی.. نیپاڵییەک و عەرەبێک خنکان

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

کرێکارێکی نیپالی و گەشتیارێکی عەرەب لە هاوینەهەواری کونەماسی لەکاتی مەلەوانی دەخنکێن.

رووداوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 26.6.2023 لە دوو کاتی جیاواز لە هەمان ناوچەی گەشتیاری روویانداوە.

کرێکارە نیپاڵییەکە لەگەڵ سێ کرێکاری تری خۆیان بۆ گەشت دەچنە ناوچەی کونەماسی، یەکێکیان لەکاتی مەلەکردن دەخنکێت، هاوکات گەشتیارە عەرەبەکەش لەگەڵ خانەوادەکەی بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش دەچنە هەمان ناوچەی گەشتیاری و ئەویش لەکاتی مەلەکردن دەخنکێت.

ناوچەی گەشتیاری کونەماسی، دەکەوێتە سنووری ناحیەی گاپیلۆنی سەر بە قەزای شارباژێڕ لە سنووری پارێزگای سلێمانی.

شاهۆ عوسمان، قایمقامی قەزای شارباژێر بە 964ـی وت، ئەو کرێکارە نیپاڵییەی خنکاوە کوڕە و تەرمەکەی رەوانەی پەیمانگەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە.

زیاتر وتیشی “هەرچی هاوڵاتییە عەرەبەکەیە کە تەمەنی 50 ساڵە، ئەویش تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق