سلێمانی رۆژانە پێویستی بە ١٥٠ بتڵ خوێنە

لە سلێمانی خوێنبەخشان کەمیان کردووە

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

رۆژانە سلێمانی پێویستی بە ١٥٠ بتڵ خوێنە، بانکی خوێن دەڵێت، خوێنبەخشان بە رێژەی ٤٠٪ کەمیان کردووە.

کۆچەر ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی سلێمانی بە +964ـی راگەیاند: ماوەی دوو مانگە خوێنبەخشین لە شاری سلێمانی کەمی کردووە، هۆکارەکەی بەدیاریکراوی نازانین چونکە پێشتر بەو رێژەیە خوێنبەخشین کەمی نەکردووە.

ناوبراو دەڵێت، هەموو جۆرە خوێنەکان لە بانکی خوێن دەست دەکەوێت، بەڵام بە گشتی ئەو خوێنانەی لە گرووپە ناقسەکانن کەمن و هەندێ جار کە داوامان لێ دەکەن لامان نییە.

ئەوانەی سەردانی بانکی خوێنی سلێمانی دەکەن بۆ خوێنبەخشین، پیشتر تاقیکردنەوەی خوێنیان بۆ دەکرێت و دوای ئەوەی لە رێژەی پێویست و خاوێنیی خوێنەکە دڵنیا دەبن پاشان رێگە بە کەسەکە دەدەن خوێن ببەخشێت.

“رۆژانە ١٥٠ بتڵ خوێنمان پێویستە، پێشتر بە گشتی هەموو رۆژێک ١٥٠ بتڵ خوێنمان بۆ دەهات، بەڵام ئێستا ١٠٠ بۆ ١١٠ کەس سەردانمان دەکەن و خوێن دەبەخشن”، کۆچەر ئیبراهیم وای وت.