وەک هەموو جارێک رۆژین نازناوەکەی بەدەستهێنا

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

بۆ جاری چوارەمین لەسەریەک، رۆژین ئەکرەم نازناوی پاڵەوانیەتی هەڵەبجەی بەدەستهێنا.

لەژێر چاودێری لقی سلێمانی فیدراسیۆنی تێنسی سەر زەوی کوردستان و بە سەرپەرشتی ناوەندی وەرزش و لاوانی هەڵەبجە، پاڵەوانیەتییەکی کراوە بۆ یاریزانانی سنوری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان، بەشێک لە رەواندوز و هەولێر کرایەوە کە 24 یاریزان بەشداریان تێدا کرد کە رکابەرییەکانی ماوەی سێ رۆژی خایاند.

دوای بەڕێوەچوونی یارییەکان، هەردوو یاریزانی شاری سلێمانی رۆژین ئەکرەم و ئالان سەلام گەیشتنە یاری کۆتایی، دوای رکابەرییەکی بەهێز لە نێوان هەردوو یاریزاندا رۆژین ئەکرەم بە دوو سێتی بێ وەلام یارییەکەی بردەوە و چوارەم نازناوی لەسەریەکی پاڵەوانیەتی هەڵەبجە و 19 هەمین نازناوی لە ژیانی وەرزشی خۆیدا بەدەستهێنا، خاڵی سێتەکانیش بریتی بوون لە 6 – 3 و 7 – 6.

لە لێدوانێکی تایبەت بۆ 964 رۆژین ئەکرەم وتی، پاڵەوانیەتییەکە ئاستێکی بەهێزی هەبوو، یاریزانانی بەشداربوو هەموو هێزی خۆیان بەکاردەهێنا بۆ رکابەریکردن.

پاڵەوانی خولەکە وتیشی، بەردەوام بوون لە کردنەوەی ئەم جۆرە پاڵەوانیەتییانە دەبێتە هۆکارێک بۆ پێگەیاندنی یاریزانی نوێ و هەروەها یاری تێنسی سەر زەوی زیاتر بەرەو پێش دەچێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی