به‌نداوه‌كه‌ى سێمێل پێنج ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلده‌داته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ قه‌زاى سێمێلى سنووری پارێزگای دهۆك، به‌نداوێكی گه‌وره به‌ ناوى بەنداوی بەنداوا‌ دروست ده‌كرێت، تواناى گلدانه‌وه‌ى پێنج ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوى ده‌بێت و به‌ نزیكه‌ى نیوه‌ى كاره‌كانیشی ته‌واوكراوه‌.

لە سنووری پارێزگای دهۆک، سێ بەنداو هەن، ئه‌وانیش بەنداوەکانی دهۆک، کەشکان و خنس، کارکردن لە دوو بەنداوی دیکەش بەردەوامە، ئەوانیش بەنداوی بەنداوا و بەنداوی سپنە دوون.

فەرهاد محەمەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک، به‌ 964ـى راگه‌یاند، بەنداوی بەنداوا یه‌كێكه‌ له‌و به‌نداوه‌ نوێیانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر رووبه‌رى زیاتر له‌ 100 كیلۆمه‌تره‌وه‌ ئاوی باران دێتە ناویه‌وه‌.

وتیشی “گوژمەی ته‌رخانكراو بۆ دروستكردنى ئه‌م به‌نداوه‌، زیاتر لە حەوت ملیار و 100 ملیۆن دیناره‌ و به‌ نزیكه‌ى نیوه‌ى كارەكانی ته‌واوكراون، كه‌ دەتوانێت پێنج ملیۆن مەترسێجا ئاو گلبداتەوە”.

لە ھەرێمی کوردستان تەنیا سێ بەنداوی گەورە و ستراتیجی ھەن، ئەوانیش بەنداوەکانی دوکان، دەربەندیخان و دھۆکن کە دوویان لەسەر ئاوی رووبارە ھەمیشەییەکانن و توانای گلدانەوەی زیاتر لە 10 ملیار مەتر سێجا ئاویان ھەیە.