خواناس بۆچی کوژرا؟

964+
هۆگر عەدنان

رۆژی 22ی حوزەیران گەنجێک بەناوی خواناس لەناو بازاڕی قەزای چەمچەماڵ کوژرا، ئەمڕۆ ئاسایش بکوژەکەی بەناوی هێرش دەستگیرکرد و لە لای ئەوان هۆکارەکەی بۆ جیاوازی بیروڕای ئایینی گەڕاندووەتەوە.

بە قسەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، بکوژەکە دانیناوە بەوەی کە چەند جارێک گفتوگۆی لەگەڵ خواناس کردووە و لێکتێنەگەیشتن هەبووە لەنێوانیان.

964 سۆراغی ئەم بابەتەی کرد، قسەی لەگەڵ باوک و هاوڕێکانی خواناس و سەرچاوەی ئاگادار لەناو پۆلیس و ئاسایش کرد.

کوڕەکەم 25 ساڵ بوو، خێزاندار بوو، منداڵێکی هەبوو

وریا نازم باوکی خواناس بە 964ی وت، “کوڕەکەم 25 ساڵ بوو، خێزاندار بوو، منداڵێکی هەبوو، تازە لە کرێکاری هاتبووەوە لە وڵاتی ئیمارات، نازانم بۆچی کوشتیان؟”.

جگە لەوەی گەنجێکی شانۆکاری چەمچەماڵ بوو، هاوکات خواناس لەناو خەڵکدا وەکو کەسێکی یاخی ناسرابوو، دەوترێت چەندین جار ئەوەی راگەیاندووە کە باوەڕی بە هیچ ئایینێک نییە.

دەیان ساڵە رووداوی هاوشێوە نەبووە

ئەگەر بێت و تۆمەتبارەکە لەبەردەم دادوەریش دانیپێدا بنێت کە بە پاڵنەرێکی ئایدۆلۆژی و ئایینی خواناسی کوشتووە، ئەوا رووداوێکی تازەیە بۆ کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان چونکە دەیان ساڵ دەبێت کە رووداوی هاوشێوە نەبووە، بەڵام هەندێکیش هەن کە باس لەوە دەکەن، رەنگە کێشەی دیکە لەنێوان بکوژ و کوژراو هەبووبێت.

“ئەمڕۆ کەسوکاری بکوژ پەیوەندیان پێوەکردین، بۆ ئەوەی بێن بۆ پرسەی خواناسی کوڕمان، بەڵام ئێمە داوای رادەستکردنی بکوژەکەمان کرد و لە ئێستا و لە رابردوو و لە داهاتوودا هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ماڵی بکوژ نەبووە و نابێت، تەنیا چاوەڕێی دانپێدانانی بکوژەکەین”، باوکی خواناس وای وت.

تۆمەتبارەکە بینراوە لە فەیسبووک بانگەشەی ئایینی کردووە

هێرش کەریم تۆمەتباری کوشتنەکەیە، بینراوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بانگەشەی ئایینی کردووە و نووسیویەتی کە رێگەنادات “جنێو بە پێغەمبەر محەمەد بدرێت”، بەڵام 964 هیچ بەڵگەیەکی دەستنەکەوت بیسەلمێنێت ئەو پۆستەی فەیسبووک تازەیە چونکە هەژمارەکەی هێرش بەردەست نییە و دیارنەماوە.

هەروەها 964 هیچ بەڵگەیەکی نەبینیوە کە خواناس سووکایەتی بە پیرۆزی ئەوانی دیکە کردبێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پۆلیسی چەمچەماڵ بە 964ی وت، “هێرش خەڵکی گوندی بنەیە لەناو شوان و لەژێر فشاردا کەسوکاری رادەستی هێزەکانی ئاسایشیان کردووە و لە رۆژانی ئاییندە دەبرێتە بەردەم دادوەر”.

خواناس ئەندامی کارای سەندیکای هونەرمەندان بوو

خواناس لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا گروپی شانۆیان هەبوو بەناوی “گروپی رۆشنبیری بۆ شانۆیی و سینەما”، چەند مانگێکە ئامادەکاریان کردبوو بۆ فێستیڤاڵی شانۆگەری قەزاکان لە چەمچەماڵ.

خواناس لە ساڵی 2019 لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دەربەندیخان خەڵاتی باشترین ئەکتەری کوڕی بەدەست هێناوە، ئەندامی کارای سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بووە.