شەنگال باوەشی بۆ 108 خێزانی دیکەی ئاوارە کردەوە
964+
فەهمی نەبی
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی عێراق رایگەیاند، 108 خێزانی دیکە لە کەمپەکانی پارێزگای دهۆک گەڕاونەتەوە شەنگال.
ئەمڕۆ هەینی، ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردوەتەوە، ئەو خێزانانە لە کەمپی شاریای دهۆک گەڕاونەتەوە قەزای شەنگال، ئەمەش دوای ئاوارەبونیان لە ساڵی 2014 -ەوە.
بەپێی ئاماری ئەم هەفتەیەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، 440 خێزان لە کەمپی شاریای پارێزگای دهۆک گەڕاونەتەوە شەنگال.
هەفتەی پێشوو فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان نزیک بوەتەوە لە ملیۆنێک کەس، دواین داتای ناوەندی قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکردووە، لە ھەرێمی کوردستان %30 ئاوارەکان لە 36 کەمپ دەژین، لە بەرانبەردا %70یان لە دەرەوەی کەمپ و لەنێو دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان دەژین.
پێشوتر ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی عێراق رایگەیاندبوو، “تاکۆتای ئەمساڵ سەرجەم کەمپەکان لەسەرانسەری عێراق دادەخەین و ئاوارەکان دەگەڕێنینەوە شوێنی خۆیان”.