لە هەولێر پزیشکی ددان

بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بەخۆڕاییە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

نەخۆشخانە حکومییەکانی هەولێر پابەند کراون کە بە خۆڕایی خزمەتگوزاری پزیشکی دابین بکەن بۆ ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی، کە کێشەی ددانیان هەیە.

تەندروستیی هەولێر، رۆژی چوارشەممە لە فەیسبووک وێنەی ساتی چارەسەرکردنی چەند خاوەن پێداویستییەکی تایبەتی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان کرداری چاککردنەوەی ددان بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت لە نەخۆشخانەی حکومی ئەنجامدرا.

“ئەو خزمەتگوزارییە لەلایەن پزیشکانی پسپۆری ددان لە نەخۆشخانەی حکومی بۆ نەخۆشانی خاوەن پیداویستی تایبەت ئۆتیزم، داون و شەلەل دماغ دەبێت”، تەندروستی هەولێر وا دەڵێت.

بڕیار وایە ئەم خزمەتگوزارییە خۆڕاییە بەردەوام بێت و لە دەستپێکدا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شاری هەولێر دەستیپێکردووە.

بەم دواییانە لە ھەڵەبجە، کۆیە و حاجیاوا سەنتەری تایبەت بە ئۆتیزم كراونەتەوە، ئەوە جگە لەوەی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆكیش هەن و هەموو خزمەتگوزارییەکی تەندروستی بەخۆڕاییە.