کە دەستیان بەسەردا دەگیرێت ناچن بەلایاندا
بەشێک لە میوەفرۆشەکان ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە و بزوێنەر بەکاردەهێنن
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانەی لەسەر شەقامەکان میوەیان پێ دەفرۆشرێت، بێ ژمارە و بێ بزوێنەرن و وەک مێز بەکاردەهێندرێن، کاتێکیش پۆلیسی هاتوچۆ دەستیان بەسەردا دەگرێت خاوەنەکانیان ناچن بەلایاندا.
فرۆشتنی میوە لەناو ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان بە پێی رێنماییەکانی قایمقامیەتی سلێمانی زیادەڕۆییە، بۆیە بەردەوام ئەوانە دەکەونە ژێر لێپێچینەوەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت و هاتوچۆی سلێمانی.
لە کاتی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکاندا خاوەنەکەیان 40 هەزار دینار سزا دەدرێن و ئۆتۆمبێلەکەش ماوەی دە ڕۆژ لای هاتوچۆ دەستی بەسەردا دەگیرێت.
“بەشێک لەو خاوەن ئۆتۆمبێلانە کە میوە دەفرۆشن و ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە و بزوێنەر بەکاردەهێنن نایەن بەلای ئۆتۆمبێلەکانیاندا لە کاتی دەستبەسەرداگرتنیاندا، چونکە بێکەڵکن و کارناکەن”، ئەوە وتەی رائید عوسمان، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆیە لە قایمقامیەتی سلێمانی.
دەشڵێت، “پاش ماوەیەک لە دیارنەبوونی خاوەنەکەی بە بڕیاری دادوەر ئەو ئۆتۆمبێلانە لەناودەبرێن”.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد