تۆپی ده‌ستی یانه‌ی فه‌تاتی كه‌ركوك خۆی به‌هێز ده‌كات

964+

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

یانه‌ی فه‌تاتی كه‌ركوك بۆ به‌هێزكردنی تیپی تۆپی ده‌ستی یانه‌كه‌ی، گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ راهێنه‌ر و سه‌رپه‌رشتیاری تیپ كرد.

زەینەب سەعدون، سه‌رۆكی یانەی فه‌تاتی كه‌ركوك به‌ 964ی راگه‌یاند، گرێبەستیان له‌گه‌ڵ راهێنه‌ر “کوردۆ قادر” كردووه‌ بۆ مه‌شقی تیپی تۆپی ده‌ستی یانه‌كه‌ بۆ وه‌رزی 2023-2024.

وتیشی، كوردۆ قادر یەکێکە لەو راهێنەرە گەنجانەی ئەزموونێکی زۆرباشی لە یاریی تۆپی دەستی كچاندا هه‌یه‌ و پیِشتر له‌گه‌ڵ یانه‌ی سلێمانی وه‌ك یاریزان پێنج جار بووه‌ته‌ پاڵه‌وانی خولی عێراق، وه‌ك راهێنه‌ریش له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئه‌فرۆدێت نازناوی خوله‌كانی كوردستان و عێراقی به‌ده‌ستهێناوه‌.

زه‌ینه‌ب سه‌عدون هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ كاژین ته‌ها كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ سه‌رپه‌رشتیاری تۆپی ده‌ستی یانه‌كه‌یان.

كاژین یاریزانی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و چه‌ند یانه‌یه‌كی كوردستانه‌ و ئه‌زموونێكی زۆری له‌ یاریی تۆپی ده‌ستدا هه‌یه‌.

یانه‌ی فه‌تاتی كه‌ركوك ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌هێز بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو ركابه‌رییه‌ وه‌رزشییه‌كان له‌ ئاستی كوردستان و عێراقدا و ئه‌نجامی باش به‌ده‌ست بهێنێت.

تۆپی ده‌ستی یانه‌ی فه‌تاتی كه‌ركوك خۆی به‌هێز ده‌كات