تای خوێنبەربوون دەگوازێتەوە
دکتۆرێک: مێرووی گەنە لە ژینگەی ناتەندروست دەژیت
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
گەنە ئەو مێرووە زیانبەخشەی هۆکاری یەکەمە بۆ تووشبوون بە تای خوێنبەربوون، تاکە گوێزەرەوەی ڤایرۆسەکەیە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ، دکتۆرێک دەڵێت، مێرووەکە لە ژینگەی ناتەندروستدا دەژیت.
ئەمڕۆ سێشەممە د.ئیبراهیم ئەحمەد، لێپرسراوی هۆبەی پتەوکردنی تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی بە 964ی وت، مێرووی گەنە، دوو چاو و شەش قاچی هەیە، کاتێک تێکەڵ بە ئاژەڵی نەخۆش دەبێت، خوێنی ئاژەڵەکەی دەمژێت و پڕ ڤایرۆسی دەکات بۆ گواستنەوە، ئەگەر هاتوو بەرکەوتنی لەگەڵ پێستی مرۆڤ هەبێت، هەوڵی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ پێستی مرۆڤەکە دەدات.
لە بارەی ئەو ئاژەڵانەی لە ناو ماڵدان، بە هۆکاری ئەوەی پشکنینیان بۆ دەکرێت و چاودێریی دەکرێن، مەترسییەکی ئەوتۆیان نییە، د.ئیبراهیم دەڵێت، “گەنە لە ناو سروشتە و خەڵکی ئێمە لە دەرەوە لەگەڵ ئاژەڵ و پەلەوەردا بەرکەوتنی هەیە”.
بە وتەی ئەو دکتۆرە بێت، مێرووی گەنە، نەک ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵی نەخۆشەوە بۆ مرۆڤ دەگوازێتەوە، بەڵکو ئاژەڵی دیکەش تووش دەکات.
ئەوەشی وت، گۆشت، پێست و خوری مامەڵەی کوڵاندنی لەگەڵدا بکرێت هیچ هۆکارێک نامێنێت بۆ گواستنەوەی ڤایرۆس.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی سلێمانی، دەڵێت سوڕی ژیانی گەنە بە جۆرێکە، بەردەوام لە ناو سروشتێکی ناتەندروست و ئاژەڵی نەخۆشدا هەوڵی نوێبوونەوە دەدات.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی