بە کوردی قسە بکە و بۆت دەکات بە نوسین

964+

فەهمی نەبی

گروپێکی لێکۆڵەری بواری تەکنەلۆژی لە زانکۆی سۆران، سیستمێکی کۆمپیوتەرییان پەرەپێداوە، بە کوردی قسە دەکەیت و بۆت دەکات بە نوسین.

گروپی ئاسۆسۆفت، چەند ساڵێکە کار لەسەر سیستمێکی کۆمپیوتەری دەکەن بەناوی Kurdish STT بەجۆرێکە کاتێک رووپەڕەکە دەکەیتەوە بژاردەی مایک هەڵدەبژێریت و ئەو قسەیەی بە کوردی دەیکەیت، بۆت دەکات بە نوسین.

عەبدولهادی عەبدوڵا، ئەندامی گروپی ئاسۆسۆفت بۆ 964 قسەیکردووە و دەڵێت، “بنەمای ئەم کارە پڕۆژەی نامەی ماستەرەکەم بوو لە زانکۆی سۆران لە ساڵی 2022، بەڵام لەلایەن گروپی ئاسۆسۆفت پەرەیپێدراوە”.

لەبارەی سیستمەکە عەبدولهادی دەڵێت، “بەشی یەکەمی تەنیا دەتوانی قسەکردن بکەیت بە نوسین، بەڵام بەشی دووەم کە ئێستا کاری لەسەر دەکەین، ڤیدیۆ کە قسەکردنی تێدابێت یان هەر پارچە دەنگێک، ئەگەر سەعاتێکیش بێت دەیدەیتە بەرنامەکە لە ماوەی دوو خولەک سەرجەمی ڤیدیۆکە یان دەنگەکەت بە کەمترین هەڵە بۆ دەکاتە نوسین”.

گروپی ئاسۆسۆفت، لە چەند مامۆستا و خوێندکارێکی زانکۆ پێکدێن، وا خۆیان ناساندووە، دەیانەوێت لە رێگەی تەکنۆلۆژیاوە پەرە بە زمانی کوردی بدەن.

گروپەکە دەیەوێت لەناو سیستمەکە کیبۆردێکی کوردی دابنێت، هەرکات ویستت قسەبکەیت تەنیا کلیک لەسەر بژاردەی مایک دەکەیت و قسە دەکەیت، بۆت دەکات بە نوسین، ئەمەش بە وتەی عەبدولهادی.

ئەو ئەندامەی گروپی ئاسۆسۆفت دەڵێت، ئەوەی بە شێوەیەکی سەرەکی کاری لەسەر ئەو سیستمە کردووە دکتۆر هادی وەیسی بووە، ئەو مامۆستایە لە زانکۆی سۆران، ئەوەش دەڵێت، یەکەم سیستمە لە کوردستان دروستکرابێت کە قسەکردنت بۆ بکات بە نوسین.

لەم لینکە دەتوانن سیستمەکە ببینن.