پەرلەمانی عێراق دەنگی بە مادەی 14 دا
964+
فەرمان سادق
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 241 ئەندامی پەرلەمان لەسەر دەنگدان بە بودجە دەستی پێکردەوە و لەسەر پرسی پاشەکەتی موچەی فەرمانبەرانیش باس لە بوونی رێکەوتن لەنێوان کوردستان و عێراق دەکرێت.
کەمێک پێش ئێستا دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکردەوە، یەکەم مادەش کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، مادەی 14ـی بودجەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەست 964 کەوتووە، بڕگەکانی یەکەم تاوەکو حەوتەمی مادەی 14 دەنگی پێدراوە، دوای ئەوەی لە لیژنەی دارایی رێکەوتنی لەسەر کرا.
بڕگەی حەوتەمی مادەی 14، باس لە رێکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر دانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 12%، کە پێشتر رێژەکەی 10% بوو.
پێشنیازەکە لەلایەن فراکسیۆنە کوردستانییەکان بووە کە لەو رێژەی 12% نیوەی حکومەتی عێراق بیدات و نیوەکەی تری حکومەتی هەرێمی کوردستان.
راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند کە بە زۆرینەی دەنگ، مادەی 14ـی یاسای بودجە دراوە کە تایبەتە بە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان و وردبینی کردنی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی.
تا ئێستا ناوەڕۆکی مادەکە ئاشکرا نەکراوە کە چین ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر بڕگەکانی ناو مادەکە هاتووە، هێندە نەبێت بە زۆرینەی دەنگ پەسند کراوە.
نەرمین مەعروف، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی بە 964ـی وت، کە مادەی 14 خۆی لە 8 بڕگە دەبینێتەوە و 7 بڕگەی لێ پەسند کرا جگە لە بڕگەی حەوتەم.
هەرچی بڕگەی هەشتەمی مادەکەیە، لە ئەگەری ئەوەی حکومەتی هەرێمی شایستەی دارایی هەر پارێزگایەکی چوارچێوەی هەرێمی کوردستان نەنێرێت، ئەوا ئەو پارێزگایە دەتوانێت سكاڵا لە حکومەتی فیدڕاڵ تۆمار بکات، دواتر لیژنەیەک پێکدەهێندرێت بۆ بەدواداچوون لەسەر سکاڵایەکە.